پ.ی.د: حکمت عبدالعزیز حمد حوسەینی
هەموو زانستە زانراوەکان پەیوەندییان بە یەکترەوە هەیە تەنانەت زانستە هەرە رەهاکان لە بەر ئەوەی هیچ زانستێک لەوانە لە گەردوونێکی تایبەت بە خۆی ناژیێ بەڵکو لە ژینگەیەکدا کار دەکات کە هاوبەشە لە گەڵ زانستەکانی دیکە لە سەر گۆی زەویدا، هەموو زانستەکان ئەو ژینگەیە بە هەموو پێکهاتەکانی وەک تاقیگەیەک مەزن بەکار دەهێنن لە پێناو ئەنجامدان و هەروەها سەرخستنی ئەزموون و تاقیکردنەوە و شیکاریەکانیان، هەموو ئەو زانستانە لە پێناو یەک ئامانج کاردەکەن لە کۆتاییدا کە بریتیە لە سوود گەیاندنە بە مرۆڤ، هەر زانستێک سوود بە مرۆڤ و مرۆڤایەتی نەگەیەنێت زانست نیە و هەر نە دەردەکەوێت و نە سەردەکەوێت و نە بەردەوام دەبێت چونکە پاڵپشتی ناکرێت لە بەر ئەوەی بێ سوودە، جا ئەگەر کەسانێکی کەم شارەزا پێیان وابێت کە زانستی وا بوونی هەیە ئەوا بێگومان هەڵەن چونکە هەر بوارەک لە بوارەکانی زانست ئەگەر بایەخ بە چ بە ئەستێرەکان ئەسترۆنۆمی یان بە ژیان زیندەوەرە یاک خانەییەکان یان هەر شتێک ئەوا چونکە پەیوەندی بە مرۆڤەوە هەیە، و هەمیشە لە پێناو دۆزینەوە چارەسەریەکە یان خۆ دوور خستنەوەیە لە مەترسیەک یان بە دەست هێنانی کار ئاسانیەک یەن خۆش گوزەرانیەکی نوێ یان ئەگەر هەر نا بەرژەوەندیەک لە بەرژەوەندیەکان.
دیسان جەخت لە سەر ئەو بیرۆکەیە دەکرێتەوە کە گۆڕەپانی و ئامانجی هەموو زانستەکان هاوبەشە لە بەر ئەوە پەیوەندی لە گەڵ یەکتر دەبەستن چونکە ئەگەر وانەکەن سەرکەوتن بە دەست ناهێنن لە شیکاری و دەرەنجامە کۆتاییەکانیاندا، بەڵام ئەو پەیوەندییە دەکرێ بە شێوەیەکی رێژەیی ئاست و هێزەکەی لە نێوان زانستەکاندا جیاوازی هەبێت لە بەر ئەوەی سروشتی هەندەک لە زانستەکان لەیەک نزیکە واتا کەرەستە و هۆکار و دەزگا و پلان و دەرەنجامەکانی یەکتر بەکار دەهێنن، لەو رووەوە هەندێ زانست هەن کە زۆر لە جیۆمۆڕفۆلۆجیاوە نزیکن و هەندێکیان هاوبەشین، وەک زانستی جیۆلۆجیا لە بەر ئەوەی بە شێوەیەکی راستەوخۆ هەمان گۆڕەپانی لێکۆڵینەوە بەکار دەهێنن کە توێکڵی زەوی و پێکهاتەکانێتی، بێگومان هەندی جیاوازی هەیە لە سروشتی ئەو دوو زانستە بەڵام زۆر بەیەکەوە پەیوەندیدارن، لە بەر ئەوەشە ئەو دوو زانستە هەمیشە هاو کاری یەک دەکەن و سەرچاوەکانی یەکتر بە کار دەهێنن و پسپۆڕانی ئەو دوو بوارە هەمیشە راوێژی یەکتر دەکەن ئەگەر چی کەمەکیش خۆ پەسەندکاری بە سەر یەکتردا لە نێوانیاندا هەبێ بەڵام دواجار کە دەگەن بە یەک رێزی زۆر بۆ یەکتر دەنوێنن.
زانستی جیۆلۆجیا زانیاری زۆر بە سوود بە جیۆمۆڕفۆلۆجیا دەدات بە دابین کردنی زانیاری وورد لە بارەی جۆری پێکهاتە بەردەکان و تایبەت مەندییەکانیان و جۆری دامەزراوە جیۆلۆجیەکان لە ناوچەی لێکۆڵینەوەی جیۆمۆڕفۆلۆجی زانەکاندا بەڵکو هەر ئەو زانیاریانە کەرەستەی خاوی بنەڕەتی زانستی جیۆمۆڕفۆلۆجیان، لە هەمان کاتدا جیۆـۆڕفۆلۆجیا بە گرێدانەوەی ئەو زانیارانە بە یەکتر و بە بەستنەوەیان بە دیاردە جیۆمۆڕفۆلۆجیەکان و لە بەر ئەوەی زانستی جیۆمۆڕفۆلۆجیا کەرەستەی شیکاری دیکەی هەیە و رانگەی فرە بینی خۆی هەیە لە لێکۆڵینەوەکانیدا سوودێکی زۆر بە بەو بوارانە دەگەیەنێت کە باسکران لە زانستی جیۆلۆجیادا، ئەڵبەتە زانستی جیۆمۆڕفۆلۆجیا کاری بە هەموو لقە لاوەکیەکانی زانستی جیۆلۆجیادا نیە، جیۆلۆجیاش بە هەمان شێوە، بەڵام ئەوەنەدە بەسە بڵێین بەلانی کەم هەر نەبێ نەبێ کە هەردووکیان لە یەک ژینگە و گۆڕەپان کار دەکەن تا پەیوەندی نێوانیان بسەلمێندرێت.
لە راستیشدا جیۆلۆجی زانان رۆڵێکی گرنگیان هەبوو لە دانانی زانستی جوگرافیا بە گشتی هەروەها لە سوود گەیاندن بە زانستی جیۆمۆڕفۆلۆجیا بە تایبەتی وەک (ئەلفرێد ڤاگنەر 1880-1930 ) خاوەنی بیردۆزی پلێتە تەکتۆنیەکان هەروەها (چاڕڵس دارون 1809-1882) ئەگەرچی قسە و باسێکی زۆری لە سەرە لە بارەی بیر و راکانی لە بارەی رەچەلەکی رەیسەکان (جۆرەکان) بەتایبەت لە لایەن زاناکانی سەردەمی خۆی هاوکات پەرتووکێکی بەناوبانگی هەیە بەهەمان ناو بەڵام ئەوە هیچ لە بایەخی زانستی ئەو زانایە کەم ناکاتەوە و ئەگەر لەو رووە هەڵەبی واتای ئەوە نیە لە بابەتە جیۆلۆجی و جیۆمۆڕفۆلۆجیەکانی دیکە نکۆڵی لێناکرێ چونکە دارون پەرتووکی دیکەی زۆری هەیە ، پوختەی رەخنەکان لە سەری لە سەر ئەوەیە گوایە مرۆڤ لە سەرەتاوە مەیموون بووە و گەشەی کردووە، و گوایە شوێنەوارەکان وادەڵێن، رەخنەکان هەم لە لایەن زانایانی جیۆلۆجیەوە و هەروەها زانایانی بایۆلۆجی و هیدیکە و هەروەها لە لایەن پیاوانی ئاینی کریستیانییەوە (دیانەکان)، لە بەر ئەوەی کە لای ئەوان و تەنانەت لای موسڵمانانیش مرۆڤ خوای گەورە راستە و خۆ بە مرۆڤی دروست کردییە، ئەو شتەی تەنانەت زانستی بۆ ماوەیی بە شێوەیەکی یەکجارەکی سەلماندی کە نەخشەی بۆ ماوەیی هیچ گیان لەبەرێک لەگەڵ هیدیکە یەک ناگرێتەوە، هەر جگە لە وە ئەگەر مرۆڤ لە مەیموونەوە گەشەی کردبی و گۆڕانی بە سەر داهاتبی ئەی باشە هۆی چییە ئەو گۆڕانە تەواوی ئەو ژمارە زۆرەی خێزان و جۆرەکانی مەیموون ناگرێتەوە، بەڵام دیسان لە رووی بایۆلۆجی و جیۆلۆجی و جیۆمۆرفۆلۆجیەوە نکۆڵی لێ ناکرێ کە بەژداری زۆر گرنگی هەبووە لەو بوارانە بە تایبەت کە گەشتی زانستی زۆر مەزن و درێژ خایەنی ئەنجامداوە کە چەندەها ساڵی خایاندییە.
نموونەیەکی ناوداری دیکەی جیۆلۆجی کە پسپۆڕانی جیۆمۆڕفۆلۆجی پلۆجی کە پسپۆڕانی جیۆمۆڕفۆلۆجی پی ئاشنان زانا (جەیمس هیتۆنە 1726-1797)، هەروەها سێر چاڕڵس لایڵ 1797-1875) و چەندانی دیکە.
هەروەها زانستی جیۆمۆڕفۆلۆجیا پەیوەندی زۆری هەیە هەیە بە زانستی ئاو (Hydrology) لە بەر ئەوەی ئاو یەکێکە لە بابەتە هەرە بنەڕەتیەکانی گۆڕەپانی لێکۆڵینەوە جیۆڕفۆلۆجیەکان، و دیسان هەردوو زانست هەمان ژینگە و گۆڕەپان بەکار دەهێنن و لێکۆڵینەوەکانیان جاری وا هەیە تیكهەڵکێشیان تێدا دەردەکەوێت.
زانستی خاک دیسان پەیوەندییەکی ئالوگۆڕی بەتینی هەیە لەگەڵ جیۆمۆڕفۆلۆجیا لە بەر ئەوەی هەر لانی کەم خاک و جۆرەکانی و دابەشبوونیان هۆکارەکانی دەگەڕێتەوە بۆ پرۆسە جیۆمۆڕفۆلۆجیەکانی وەک کەشکاری و داماڵین و نیشتەنی کردن بە هاوکاری لێژی زەوی و لاری چینەکان و هێزی راکێشانی زەوی و هیتر، هەر لە سەر بنەمای ئەو پەیوەندیانە نەخشەکانی دابەشبوونی جۆر و زۆنەکانی خاک دەنەخشێندرێن،
زانستی ئاو و هەوا پەیوەندییەکی زۆر بە تینی هەیە لەگەڵ جیۆمۆڕفۆلۆجیا تەنانەت لقێکی سەرەکی جیۆمۆڕفۆلۆجیا بە ناوی جیۆمۆڕفۆلۆجیای ئاو و هەوایی کە تایبەتە بە پرۆسە جیۆمۆڕفۆلۆجیە دەرەکیەکان بوونی هەیە، ئاو و هەوا لەگەڵ جیۆمۆڕفۆلۆجیا لێک دانابڕێن لە رووی کاریگەری ئاڵوگۆڕی نێوانیاندا کە بەهۆی جیاوازی تایبەمەندیەکانیان دەبێتە هۆی دروست هۆی دروست بوونی هەرێمە جیاجیاکانی هەردوو لایەن.
پەیوەندییەکان لەگەڵ زانستەکانی دیکە زۆرن بەڵام وەک نموونە ئاماژە بە هەندێکیان دەکرێ لە بەر ئەوە لە کۆتایی ئاماژە بە پەیوەندی ئەو زانستە بە زانستی ئەندازیاری دەکرێت لە بەر ئەو پرۆژە ئەندازیاریەکان لە سەر گۆڕەپانێک کار دەکات کە بواری کار کردنی جیۆمۆڕفۆلۆجیایە بێ سوود وەرگرتن لە زانیاریە جیۆمۆڕفۆلۆجیەکان ئەوا هەموو پرۆژە ئەندازیارییەکان شکست دەهێنن لە دوای تەواو بوونیاندا، لە راستیدا ئەندامانی جیۆمۆڕفۆلۆجی و جیۆلۆجی و هایدرۆلۆجی و خاک زانی ئەندامی کارا و گرنگن لە پرۆژە ئەندازیاریەکان لە ووڵاتە پێشکەوتووەکاندا چونکە لەوێ سیستەمی کۆمپانیاکان پەیڕەو دەکرێت هەروەها خاوەنی پشکەکان لەو پرۆژانە یاخود لەو کۆمپانیایانە ئامادە نین پشکی ئەو کۆمپانیانە بکڕن ئەگەر ئەو کۆمپانیایانە هەموو رێگاچارەکانی سەرکەوتنی کارەکانیان نەگرنە بەر لە بەر ئەوە پڕۆژەکان لە رێگەی تیمی فرە پسپۆڕییەوە بەڕیوە دەبرێن و جێ بە جێ دەکرێن ئەو راستیەی لە ووڵاتە دواکەوتووەکان بەدی ناکرێت لە راستیدا.