جیۆمۆڕفۆلۆجیای پڕاکتیکی
پ.ی.د: حکمت عبدالعزیز حمد حوسەینی
پێشەکی:
ئامانجی بابەتەکە:
ئامانج لەو بابەتە دەرخستن و دیاری کردنی رێگاکانی سوود وەرگرتن لەو زانیاریانەی کە لە بارەی جیۆمۆرفۆلۆجیای هەر ناوچەیەک وەردەگیرێن و کۆ دەکرێنەوە و وەدەست دەهێندرێن بە شێوەیەکی سەرەکی لە پێناو:
١- دامەزراندنی پرۆژەی ئەندازیاری جیا جیا بۆ ئەوەی مرۆڤ سوودیان لێ وەرگریت لە بوارە جیا جیاکانی کشتوکاڵ وپیشەسازی و نیشتەجێ بوون و خزمەت گوزاری وسەربازی و رێگاوبان و ووزەو.....هتد.
٢- رێگە گرتن یاخود زاڵ بوون بە سەر یان کەم کردنەوەی زیانەکانی ئەو کارەساتە سروشتیانەی کە روودەدەن کە مەترسی لە سەر مرۆڤ و هەموو ئەو شتانەی مرۆڤ دایاندەمەزرێنی لە پرۆژە ئەندازیاری و ستراتیژی و خزمەت گوزاریە جیا جیاکاندا وەک لافاوەکان و شەپۆڵەکانی تسۆنامی وهەرەسی بنارەکان لە ناوچە شاخاویەکان و بوومەلەرزەکان و گڕکانەکان و باهۆزە باراناوی و بایی و بەفریەکان.....هتد لە مەترسی و کارەساتە سروشتیە جیاجیاکان.
٣- پێشکەشکردنی هزر وکوولتوری سوود وەرگرتنی بەردەوامبوو لە دەرامەتە سروشتیە جیاجیاکان (sustainable development) لە پێناو ژێرانەترین سوود وەرگرتن کە نەبێتە هۆی بە هەدەردان بەشێوەیەک کە خزمەتی نەوەی ئێستای پێ بکرێت و بەش وپێداویستیەکانی نەوەکانی داهاتووش رەچاو بکرێت و پارێزگاری لێ بکرێ.
٤- جەخت کردنەوە لەسەر لایەنە پراکتیکیەکانی لێکۆڵینەوەی تایبەت بە ئاوزێڵی رووبارەکان بە تایبەت جەخت کردنە سەر تایبەتمەندیە مۆڕفۆمەتریەکان.
٥- تیشک خستنە سەر رۆڵی تەکنۆلۆجیای سەردەم لە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە لە بواری جیۆمۆڕفۆلۆجیا وەک تەکنیکی هەست کردن لە دوورەوە و سۆفتوێرە جیا جیاکانی سیستەمی زانیاریە جوگرافیەکان و هیتر.
٥- تیشک خستنە سەر رۆڵی تەکنۆلۆجیای سەردەم لە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە لە بواری جیۆمۆڕفۆلۆجیا وەک تەکنیکی هەست کردن لە دوورەوە و سۆفتوێرە جیا جیاکانی سیستەمی زانیاریە جوگرافیەکان و هیتر.
شێوازی ووتنەوەی بابەتەکە
لە ووتنەوەی بابەتەکە چەند رێگەیەک بەکاردەهێندرێ تا بتوانرێ بە باشترین شێوەی سوود بەخش ناوەرۆکەکەی بگەینێت بەو شێوەیەی خوارەوە:
١- دانانی ناوەرۆکی بابەت و ئامادەکردنی سڵایدەکانی پاوەر پۆینت لۆ هەر یەک لە بڕگەکانی.
٢- قوتابیان خۆشیان هەستن بە گەڕان بە دوای بابەتەکە لە سەرچاوە جیا جیاکان چونکە بابەتەکە تەنها لە رێگەی سڵایدەوە کۆنترۆل ناکرێ و وانەکانی هۆڵی خوێندن تەنها رێپیشاندەرن و قوتابی بە گشتی خۆی دەبێ خۆی فێرکا لە بواری خوێندنی زانکۆییدا.
٣- هەر قسەیەک مامۆستای بابەت باسی بکا یان هەر بابەتەک لە میانی وانەکان هاتە باسکردن و کاتی وانەی لە سەر دانرا دجێتە ناو بابەتەکە ومامۆستا پرسیاری لی دەهێنتەوە بۆیە قوتابی دەبی هەمیشە ئەو شتانەی ئاماژەیان لۆکرا تۆماربکا و لەکاتی تاقیکردنەوەکان هیچ بیانووی ئەوەی نیە بڵێ ئەو بابەتەمان وەرنەگرتیە جونکە مامۆستا رۆژ بە رۆژ هەموو قسە و تێبینیەکانی کاتی وانەکەی لای خۆی تۆمار دەکا.
٤- هەر وانەیەک قوتابیان ئاماەد نەبوون بە تێکڕا مامۆستا ناوی بابەتی ئەو رۆژە لە سەر تابلۆی سپی دەنووسی و قوتابیان داواکراوی ئەو بابەتە دەبن بەڵکو لە تاقیکردنەوەکانیش پرسیاری لێ دێتەوە و مامۆستاش دوبارەی ناکاتەوە چونکە لە پرۆگرامی خوێندنی بابەتەکە لە حەفتەی دواتر بابەتی نوێ دەگوترێتەوە چونکە ساڵی خویندن وەک ئاشکرایە بۆنە و پشوو و دابڕانی زۆر تێدایە.
٥- مامۆستا لە خۆڕا نمرە نابەخشێت بۆیە لە قوتابیانی ساڵی پار بپرسن کە مامۆستا وانەی پێ گوتوون پەند وەرگرن، گەر نەخوێنن دەرناچن.
٦- ئامادەبوونی قوتابی لە ناو هۆڵدا گرنگە و نمرەی لەسەرە و بە ئامادە نەبوونی نمرەی لێ دەشکێت.
ناوەرۆکی بابەتەکە
هەفتە | ناوونیشانی بابەت | ||
١ | بایەخی جیۆمۆڕفۆلۆجیا لە بواری دامەزراندنی رێگاوبانە سەرەکیەکانی ووشکانی و پردەکان و تونێلەکان و باڵەخانە ودامەزراوەکانی دیکە. | ||
٢ | لە بواری دیارکردنی ودامەزراندنی شوێنگەی بەربەست و بەنداووەکان. | ||
٣ | لە بواری دیارکردنی ودامەزراندنی شوێنگەی فرۆکەخانەکان. | ||
٤ | بایەخی جیۆمۆڕفۆلۆجیا لە بوارە ئابووریەکاندا: ١- لە بواری گەڕان بەدوای کێڵگەکانی نەوت و گازی سروشتی | ||
٥ | ٢- لە بواری بەکارهینان و وەبەرهێنانی کێڵگەکانی رەژوو (خەڵووز) ی بەردین. | ||
٦ | ٣- لە بواری لێک جیاکردنەوەی نیشتەنیەکانی خاوە کانزاییەکان و وەربەرههنانیان لە ڕووی ئابووریەوە | ||
٧ | ٤- لە بواری دیاری کردنی ناوچەی بوونی ئەو کانە لم و زیخ و بەردینانەی ئەوانەی دەشێن لە رووی ئابووریەوە بەکاربهێنرێن وەک ( چەگڵ (چەو)، زیخ ، کەرپووچ، چیمەنتۆ....هتد) | ||
٨ | بەکارهێنانی دەرامەتەکانی خاک و رووەک و دارستانەکان لە ناوچە جەۆمۆرفۆلۆجیە جیا جیاکان. | ||
٩ | جێ بە جێکاریە جەۆمۆرفۆلۆجیەکان لە بواری سەربازیدا. | ||
١٠ | جێ بە جێکاریە جیۆمۆرفۆلۆجیەکان لە بواری توێژکردنی لێژی روووی زەوی ودیاری کردنی بەکارهێنانەکانی. | ||
١١ | کاری کێڵگەیی (گۆرەپانی) لە جیۆرفۆلۆجیادا (نووسینگەیی و کێڵگەیی و تاقیگەیی) | ||
١٢ | رێگاکانی پێوان و خەملاندنی داماڵینی با و باران و رووبار. | ||
١٣ | - جێ بە جێکاریە جیۆمۆرفۆلۆجیەکان لە بواری هایدرۆمۆڕفۆمەتریدا: ١- تایبەتمەندیە مۆڕفۆمەتریەکانی ئاوزێڵە ئاوی و رووباریان. | ||
١٤ | ٢- هاوکێشەکای دەستنیشانکردنی بڕی لەبەر رۆیشتنی ئاو لە رووبارەکاندا. | ||
١٥ | دەستنیشانکردنی بڕی نیشتەنیە رووباریەکان. | ||
١٦ | جێ بە جێکاریە جیۆمۆرفۆلۆجیەکان لە بواری گەشت وگوزاریدا | ||
١٧ | جێ بە جێکاریە جیۆمۆرفۆلۆجیەکان لە بواری سنووردار کردنی مەترسیە ژینگەییەکاندا: | ||
١٨ | ١- سنووردارکردنی مەترسیەکان وزیانەکانی بوومەلەرزەکان. | ||
١٩ | ٢- سنووردارکردنی مەترسی و زیانەکانی جمو جۆڵی بنارەکان و کەرەستەکانی سەر رووی زەوی | ||
٢٠ | ٣- وێنەکێشانی درێژە بڕگە وپانە بڕگەی جیۆلۆجی و تۆپۆگرافی. | ||
٢١ | بەکارهێنانی تەکنۆلۆجیای نوێ و سەردەم لە لێکۆڵیەنەوە جیۆمۆڕفۆلۆجیەکاندا | ||
٢٢ | |||
٢٣ | هەفتەی بیست و سێ و بیست و چار: نەخشە جیۆمۆڕفۆلۆجیەکان ، بایەخیان ئامادەکردنیان و جۆرەکانیان | ||
٢٤ | هەفتەی بیست وپێنج و بیست و شەش: پۆلێن کردنی زەویەکان | ||
٢٥ | هەفتەی بیست و حەفت و بێست و هەشت و بیست و نۆ و سی: شیکردنەوەی شیاوی و هەڵسەنگاندی زەویەکان. | ||
٢٦ | |||
٢٧ | |||
٢٨ | |||
٢٩ | |||
٣٠ |
گرنگترین سەرچاوەکان:
- حكمت عبدالعزيز حمد الحسيني، جيومورفولوجية جبل بيرمم واحواضه النهرية مع تطبيقاتها ، ماستةر نامة، (بةش)
- حكمت عبدالعزيز حمد الحسيني، دكتؤرا ناكةمة (بةش)
– تغلب جرجيس داوود ، الجيومورفولوجيا التطبيقيية
- خلف حسين الدليمي، علم شكل الارض التطبيقي
- حسن سيد أحمد ابو العينين، اصول الجيومورفولوجيا
- - كاوة جبار رحمن ، ماستةر نامةكةي
- - هؤزان صادق مولود ماستةرةكةي
- - يوسف صالح اسماعيل ، ماستةر ودكتؤراكةي
- مقداد حسين علي ، الجيولوجيا الهندسية
- هةروةها جةندةها سةرجاوة ديكة كة لة كاتي خؤي ناويان ديت -
1- جیۆمۆڕفۆلۆجیا و دامەزراندنی پرۆژە ئەندازیاریەکان:
1-1- بایەخی جیۆمۆڕفۆلۆجیا لە بواری دامەزراندنی رێگاوبانە سەرەکیەکانی ووشکانی و پردەکان و تونێلەکان و باڵەخانە ودامەزراوەکانی دیکە:
1-1-1- جێ بە جێکاریە جیۆمۆڕفۆلۆجیەکان لە بواری دامەزراندنی رێگا وبانە سەرەکیەکانی ووشکانی (ئۆتۆمبێل وشەمەندەفەر ومیترۆ وترام وەی):
رێگاوبانەکان بایەخێکی زۆریان هەیە چونکە هۆکاری بەیەک گەیاندنی سەنتەرەکانی جێنشینی و کارکردن و کات بەسەر بردن وهەموو ئەو شوێنانەی مرۆڤ هەوڵی گەیشتنیان دەدات لە پێناو ئەنجامدانی چاڵاکیە جۆراو جۆرەکانی بە شێوەیەکی گشتی هەروەها بۆ گواستنەوەی کەل و پەل وپێداویستیە جۆراو جۆرەکان بە ماوە و تێچوون و کۆششێکی کەمەوە. هەر وەها جۆر و بڕ و کوالیتی رێگاوبانەکان یەکێکن لە پێوەرەکانی دەرخستنی رادەی پێشکەوتنی ووڵاتانی جیهان، لە هەمان کاتدا بە شادەماری چاڵاکیە ئابووری وکارگێڕی وکۆمەڵایەتیەکان دادەنرێن، بۆیە ووڵاتە پێشکەوتووەکان بەوە جیا دەکرێنەوە کە چڕی و زۆری و درێژی (کم/کم²)و رووبەری (کم²/کم²) رێگاوبانەکان تیایاندا بەرزە هەروەها جۆراو جۆریان فرەترە و پێشکەوتووترە تەنانەت لە رووی کوالیتیەوە کە گرنگی و بایەخی زۆری پێ دەدرێت، وەک بۆ نموونە رێگای بەناوبانگی (ئۆتۆبان (auto bahn لە ئەڵمانیا کە بە پێشکەووتوترین رێگاوبانەکانی جیهان دادەنرێ، کە رێگایەکی خێرایە (های وەی HIGH WAY) درێژیەکەی لە (1700) کم تێپەڕییە، لە رووی پرۆفایلەوە ئەستووری چینی قیڕتاوەکە لە نێوان (85-55 سم) دایە و هەر لە ساڵی 1930 یەوە دەست بە دروست کردنی کرایە و تا ئێستاش بەردەوام درێژتر دەکرێت، ئەو رێگایە بەرزترین رادەی بێ کێشەیی و سەلامەتی هەیە تا ئەو رادەی دەتواندرێ ئۆتۆمبێل تیایدا بە خێرایی تا (500) کم لێبخوڕدرێت بە پێی ئەو تاقیکردنەوانەی لە سەری کراوە تەنانەت بە ئۆتۆمبیلە وەرزشیە هەرە خێراکانەوە، خزمەت گوزاری زۆر پێشکەوتووی بۆ دەستە بەر کرایە بۆ نموونە لە هەر چەند کیلۆمەترێک دەزگای چاکردنەوەی ئۆتۆمبێل هەیە تەنانەت ئۆتۆمبێلی خزمەت گوزاری چاککەرەوەی خێرا وگەڕۆک لە هەموو ئەو دەزگایانە هەن، هەر وەها دەزگای چاک کردنەوەی کۆسپ و لەمپەرەکان هەن کە جێ بە جێ لە ماوەی چەند کاتژمێرێک چاک دەکرێنەوە لە گەڵ دەرکەوتنی هەر کێشەیەک لەو ڕێگایانە هەروەها فڕۆکەخانەی هیلی کۆپتەریش بە هەمان ئەو مەودایانەی ئاماژیان بۆ کرا هەن کە بۆ کاری فریاکەوتن و بە هانا وەهاتنی بەرکەوتووان و برینداران و زیان لێکەوتووانی رووداوەکانی هات و چۆ کە لەسەر ئەو رێگایە روودەدەن.
پێداویستیەکان و تێچووەکانی دروست کردن و ڕاکێشانی رێگاوبانەکان لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە جیاوازی هەیە لە ڕووی جیۆمۆڕفۆلۆجیەوە بە پێی چەند هۆکارێک وەک:
1. جۆری بەرزی و نزمیەکان (شاخ و دۆڵ و گرد و بان ودەشت وهەڵەت ...هتد)
2. لێژی رووی زەوی.
3. جۆری پێکهاتەی جیۆلۆجی و دامەزراوە جیۆلۆجیەکان.
4. جۆری پێکهاتەکانی خاک.
5. بڕ و کوالیتی ئاوی ژێر زەوی لە پێگەو و ناوچەی راکێشانی رێگاکان.
هەر جۆرە زەویەک یان پیکهاتە بەردەک یان خاکێک تایبەتمەندی خۆی هەیە کە دەبێتە هۆی گرتنە بەری رێگا چارەی خۆپارێزی پێویست لەکاتی راکێشانی رێگاکان لە سەر ڕووی زەوی هەر ناوچەیەک، ئەو ڕێگا چارانە لە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونەکانەوە وهەروەها ڕووپێوانە گۆڕەپانیە جیۆڵۆجی وجیۆمۆڕفۆلۆجیەکانەوە بە دەست دەهێندرێن کە دەبێ ئەندازیاران وەریان گرن و پشتیان پێ ببەستن لە پێناو تەواوکردنی پرۆژە ئەندازیاریەکان بە شێوەیەکی سەرکەوتوانە. بۆیە لە کاتی دروست کردنی رێگاوبانەکانی وشکانی بە هەموو جۆرەکانیانەوە لەگەڵ پرۆژە تەواوکارەکانیانەوە وەک پرد و تونێلەکان ....هتد، دەبێ رەچاوی ئەوە بکرێ کە دەبێ لە سەر زەویەکی ساغ و بتەو و بەهێز و بەرگە گر و بارستە بەرزەوە دابمەزرێندرێن، کە هاوکات دووربن لە کێشەکانی داخورانی خاک وشیبوونەوەی کەڤرەکان بە هۆی پرۆسەی داخورانەوە یان هەر کێشەیەکی دیکەی بە هۆی تایبەتمەندیە فیزیایی و کیمیاییەکانی خاک و کەڤر و ئاوی هەر ناوچەیەکەوە دروست دەبن.
لە خوارەوە تێشک دەخرێتە سەر دوو لەو هۆکارانەی لە سەرەوە ئاماژەیان بۆ کرا ئەوانەی کە گۆترا کاریگەریان لەسەر دروست کردنی رێگاکان هەیە و لە سەر تێچوو و بڕی کاری پێویست و ماوەی خایاندراو لە پێناو تەواو کردنی ئەو پرۆژانە:
دواتر باسی خاڵەکانی دیکەش بکرێت
یەکەم- جۆری پێکهاتەی جیۆلۆجی و دامەزراوە جیۆلۆجیەکان:
سەبارەت بەو ناوچانەی زەویەکانیان بە پێکهاتە کەڤری کارستیەوە داپۆشراون (وەک پێکهاتە کلسی و دۆڵۆمایتیەکان) ئەو ناوچانە بەردەوام رووبەرووی پرۆسەکانی توانەوەی ئەو چینە کەڤرانە دەبنەوە بەهۆی ئاوی بارانەوە، ئەوەی کە دەبێتە هۆی دروست بوونی چاڵی بازنەیی لە سەر رووی رێگاکان کە لە دواتر بەرە بەرە فراوانتر و قووڵتر دەبنەوە بە شێوەیەک کە لە دواتر دەبنە هۆی دروست بوونی کێشە بۆ تێپەڕبوونی ئۆتۆمبیلەکان و روودانی رووداوی نەخوازراو و مەترسی لەسەر ماڵ و گیانی بەکارهێنەرانی ئەو رێگایانە، بۆیە بەر لە راکێشانی رێگاکان پێویستیان بە کارەکانی کوتینەوەی زەوی و پڕ کردنەوەیەتی بەو کەرەستانەی ریژەی کونیلەداریان کەمە وەک قوڕ یان بە چیمەنتۆ تا رێگەی داچۆڕانی ئاو نەدا بچیتە ناو چینە کەڤرەکانی بن رووی رێگاکان و نەبێتە هۆی توانەوەی ئەو چینە کەڤرانە بەهۆی ئاوی بارانەوە، بۆیە دەبێ بەردەوام بەدواداچوون بکرێ بۆ رێگاوبانەکان لەو ناوچانەی بەو جۆرە کەڤرانە داپۆشراون بە مەبەستی دیتنەوەی ئەو چاڵانە و هەروەها ئەو شوێنانەی ئەگەری تێکچوونیان هەیە تا دەست بەجێ و بەر لە تەشەنە کردنی گرفتەکان پڕ بکرێنەوە وچارەسەر بکرێن.
تێبینی خۆم: هێشتا پێویەست دەکا جەخت لەسەر هەندەک پێکهاتە بکرێ لەگەڵ باس کردنی دامەزراوە جیۆلۆجیەکان.
دووەم- جۆری بەرزی و نزمیەکان:
1- ناوچە شاخاویەکان:
ناوچە شاخاویەکان سەختترین ناوچەن لە رووی دروست کردنی رێگاو بانەکانەوە بەهۆی سەختی سروشت و بەرزی ونزمیەکانی ئەو ناوچانە بە هۆی پێویستی زۆرەوە بە کارەکانی راست کردنەوەی رووی زەوی و بە دەست هێنانی رێژەیەکی بەرزی ئاسۆیی بوونی ئاستی رێگاکان ئەوەی کە وا پێویست دەکا بە رێژیەکی بەرز کارەکانی هەڵکەندن وپڕ کردنەوەی رووی زەوی تێدا ئەنجام بدرێت هەروەها ژمارەیەکی زۆری پردی گەورە وکچکە و قەنتەرە وتونێلی تێدا دروست بکرێت (کە لە درێژەی ئەو بەشە ئەوانیش باسیان لێوە دەکرێت)، ئەو شتەی کە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی گوژمەی ئەنجامدانی ئەو پرۆژانە لەو ناوچانەدا. بۆیە یەکەم جار دەبێ ناوچەیەک هەڵبژێردرێت بۆ دروست کردنی رێگا کە کەمترین کێشەی تێدا هەبێت کە ببێتە هۆی دامەزراندنی ئەو پرۆژانە بە کەمترین تێجوو و بەرزترین ئاستی سەلامەتی و لەبارترین کەشی لێ خورین لۆ شوفێران و ئارامترین گەشت لە رێگەی ئەنجامدانی کەمترین کاری هەڵکەندن و پڕکردنەوە و دروست کردنی پرد و قەنتەرە و دەروازی ئاوڕۆکردن رێکاری راگیرکردنی بنارەکان لە رووی کاریگەری هێزی راکێشانی زەوی ئەوانەی دەبنە هۆی روودانی کردارەکانی خلیسکانی چینە کەڤر وهەرەس هێنانی بنارەکان و رووچوون وخزینی خاک کە گەورەترین کێشەی رێگاوبانەکانن لە ناوچا شاخاویەکاندا و بەردەوام هۆکاری روودانی مەترسی گەورە و خوێناویان لێ دەکەوێتەوە لەسەر خەڵک و لەسەر پرۆژە ئەندازیاریەکان بە رێگاوبانەکانەوە تەنانەت جاری وا هەیە دێهاتی بەر فراوان دەکەونە بەر ئەو مەترسیانەوە لەو ناوچانە لە سەرانسەری جیهاندا، لەسەر ئەو بنەمایە پێویستە هەندێ رێکاری خۆ پارێزی گونجاو وشیاو بگیرێتە بەر لەو ناوچانە بە مەبەستی رێگرتن یان کەمکردنەوەی مەترسیەکان لەو ناوچانە وەک:
1. جێگیرکردنی ئەو خۆل و کەرەستانەی لە سەر هەردوو لا تەنیشتی رێگاکاندا هەن تا تووشی کێشەی خزینی لەسەر خۆ نەبنەوە.
2. پۆشین و تێکردن و رژاندنی هەندەک کەرەستە بۆ ژێر وناو وبەسەر هەردوو لا تەنیشتی رێگاکە بۆ کەم کردنەوەی رێژەی شێ تێیدا تا هەل نەرەخسێندرێت بۆ روودانی پرۆسەکانی خزینی خێرای زەوی و بنارەکان.
3. رێک کردن و تەخت کردنی سەرە و لێژی رێگاکە تا رۆیشتنی ئۆتۆمبێل بە سەری دا ئاسان بێت.
4. هەڵبژاردنی ئەو ناوچانەی کە سەرە ولێژیان کەمە بۆ راکێشانی رێگاوبانەکان بە شێوەیەک کە هاو تەریب بن لە گەڵ هێڵە کۆنتۆریەکان * یاخود بە ناوچەی زەوی نێوان دۆڵەکانەوە تێپەڕن لە لاپاڵی شاخەکاندا.
بە گشتی بە سێ شێوە رێگا وبان بۆ ئەو ناوچانە ڕادەکێشرێن کە ئەوانەن:
1- بە رێگەی پێچ کردن بە سەر بنار و بانی شاخەکاندا (نموونە: هاوینە هەواری سەربەن(سەڵاحەدین).
2- بە ناو جەستەی شاخەکانەوە لە رێگەی هەڵکەندنی تونێل.
3- لە ناو دۆڵەکانەوە بە دەوری شاخەکاندا.
هەر وەها چەند رێگا چارەی دیکەش هەن بەڵام بە گشتی لە هەموو بارێکدا پرۆژەکانی راکێشانی رێگاکان لە ناوچە شاخاویەکان تێچوو و کۆشش وماوەی زۆرتریان پێویستە تا ئەنجام بدرێن، بۆ نموونە لە چیاکانی هیمالایا و لە ووڵاتی نیپالدا دووری نێوان هەر دوو شاری داران و دانکۆتا تەنها 18 کیلۆمەتەرە لە راستیدا بەڵام درێژی ئەو رێگەیەی بە یەکیان دەگەیەنێ دەگاتە 65 کم.
2- دەشتە لافاو کردەکان:
بە گشتی لە رووی بنەماوە دەبێ ئەو ناوچانە بە ئاسان ئەو پرۆژانەیان تێدا ئەنجام بدرێت لە چاو ناوچەکانی دیکە بە هۆی تەختی رووی زەوی تیایاندا، بەڵام لە راستیدا وا نیە بەڵکو کێشەی زۆری بەر جەستە ونا بەر جەستە دێنە پێش لە کاتی جێ بەجێ کردنی پرۆژەکان وەک:
1- ئەو ناوچانە خاکێکی نێشتەنی کردی فشەڵی یەک نەگرتووی گوازراوەی کەم بەرگەیان هەیە، بۆیە تووشی داکەتن (تەپین) دەبنەوە بە تایبەت بە هۆی تێپەڕینی ئۆتومبیلە بار هەڵگرەکانەوە، بۆیە پێویستیان بە کارەکانی چاککردنی تایبەتمەندیەکانی خاک یان گۆڕینی هەیە.
2- بوونی تۆڕی کەناڵەکانی ئاودێری لەو ناوچانە کە لە گەڵ رێگاکان یەکتر دەبڕنەوە پێویستی بە دروست کردنی چەندین قەنتەرە و پرد هەیە کە کار لە سەر تێچووی دروست کردنی رێگاکە دەکا.
3- هەندەک لەو دەشتانە چەند دەریاچەیەکی کەوانەیی و زەڵکاو لە خۆیان دەگرن کە رێگر دەبن لە راکێشانی رێگاکان بەناویاندا، لە بەر بەرفراوانیان و کەمی بەرگەی پێکهاتەی بەرد وخاکەکانیان لە بەر تێر ئاوبوونیانەوە کە بە ئەستەم دەتوانرێ پردی تێدا دروست بکرێ، بۆیە پێویستە لە دووری ئەو ناوچانە و لە شوێنی خودان تایبەتمەندی باشتر وتێچوو و گرفتی کەمتر رێگاو بانەکان راکێشرێن بەڵام بێگومان ئەو کات درێژیان فرەتر دەبێ.
4- بەرزی ئاستی ئاوی ژێر زەوی تیایاندا بە هۆی ئاودێری بەردەوام و بەرزی ئاستی ئاوی رووبارەکان بەتایبەت لە وەرزی لافاوەکاندا کە کات لە سەر تایبەتمەندیەکانی خاک دەکا دەرەنجام کاریگەری خراپیان دەبێ لە سەر رێگاکان.
5- بەر دەوام روو بە ڕووی لافاوی رووبارەکان دەبنەوە کە دەبێتە هۆی تێکدانیان بۆیە دەبێ لە پێناو خۆپاراستن لەو گرفتە ئاستی رێگاکان بەرز بکرێنەوە تا ئاستی سێ مەتریان زیاتریشەوە. ئەو کارە بێگومان تێچووی زۆری دەوێ.
6- پێچە رووباریەکان کاریگەریان لە سەر ئەو رێگایانە هەیە کە بە رۆخ رووبارەکانەوە دا تێپەڕدەبن، و دەبنە هۆی درێژبوونەوەی رێگاکان بە پێی گەورە وگچکەیی پێچە رووباریەکان، بەڵکو لەو شوێنانەی کە رێگاکان لە لووتکەی پێچەکان نزیک دەبنەوە روو بە ڕووی مەترسیەکانی راماڵین دەبنەوە.
لەوە ڕا دەر دەکەوێ راکێشانی رێگاکان لە دەشتە لافاو کردەکاندا تووشی گەلەک ئاریشە دەبنەوە کە دێ بیتە هۆی زۆرتر کردنێ تێچووەکانیان تا چارەسەر بکرێن، بەڵکو لەوانەیە بە ئەستەم بتواندرێ هەندیکیان چارەسەر بکرێت وەک لافاوەکان کە مرۆف تا ئێستا ناتوانێ کۆنتڕۆڵیان کا وێڕای کۆششی بەردەوامی مرۆڤ لەو بوارەدا.
3- بانەکان:
بانەکان یەکیکن لە بەرزی ونزمیە سەرەکیەکانی سەر رووی زەوی و خاوەن پێکهاتە و شێوەی جۆرا جۆرن، هەندێکیان تەخت و رێکن و هەندێکیان سەر روو سەخت و هەڵەتن، تەنانەت پێکهاتە بەردی خودان بەرگەی جیاوازیشیان تێدایە، و هەر یەک لەو جۆرانە گرفتی دیاریکراویان هەیە لە رووی دامەزراندنی رێگاو بانەکاندا کە لەو بەشە باسیان لێوە دەکرێن:
آ- تەختە بانەکان:
هەندێ لە بانەکان لە پیکهاتەی بەردینی کلسی و تەباشیری پێکدێن، یان هەر جۆرێکی دیکە لە بەردە نیشتەنیەکان، کە توانای توانەوەیان هەیە لە ناو ئاودا لە ناوچە شێدارە فرە باراناویەکاندا، ولەئەنجامی بوونی هەندێ شوێنی نزم یان چاڵ و درز و کەلێن لەسەر رێگاکانی یان لە تەنیشت رێگاکان ئاوی باران لەناویاندا کۆ دەبێتەوە و کار لە سەر تواندنەوەی پێکهاتەی رێگاکان دەکات و دواتر چینی سەرەوەی رێگاکە شەق دەکات و ئیدی ئاو پەیتا پەیتا بۆ چینی ژێرەوە دادچۆڕێت و کار لە سەر بێ هێز کەردنی و دواتر داتەپینی دەکات.
تێپەڕ بوونی بارهەڵگرە گەورە وقورسەکان گرفتەکە گەورەتر دەکا و کار لەسەر فراوان کردنی چاڵ و درزەکان و داتەپینی ئەو شوێنانە دەکا تا دەگاتە ئاستێک وای لێ دێ لە توانای ئۆتۆمبێلە کچکەکاندا نەبێت بە سەریاندا تێپەر ببن.
ئەو دیاردەیە لە هەندێ لەو شارانە روودەدات کە بە شێوەیەکی تەندروست وکارا تۆڕەکانی ئاوەڕۆکردنی ئاوی بارانی وئاوی قورسیان تێدا نیە، بۆیە ئاوی ماڵان و ئاوی باران بەسەر شەقام و جادەکاندا دەڕۆن و لە شوێنە نزمەکاندا کۆ دەبنەوە، وتا ماوەیەکی زۆر تێایاندا دەمێننەوە کە دواتر دەبنە هۆی تێکدانی بەشێک لەو جادانە بە دروست کردنی چاڵ و تاسەی خودان دیمەنێکی شێوێنکارانە بۆ ئە شەقامانە، کەوایە زۆر گرنگە پسپۆڕان و ئەندازیران ووریای ئەو راستیانە بن لە کاتی پلان داڕشتن بۆ دروست کردنی رێگاکان بەتایبەت لە رووی پلەی لێژیەوە کە دەبێ لێژاییەکی گونجایان هەبێ بۆ ئاوەڕۆ کردنی ئاو بە شێوەیەکی سروشتیانە لە جادە لاوەکیەکانەوە بەرەو جادە سەرەکیەکان و لە وێوەشەوە بەرەو ئەو ئاوەڕۆیانەی کە بۆ دوور لەو رێگایانە ئاو دەگۆازنەوە.
ب- بانە سەخت و پچڕ پچڕەکان:
هەندێ لە بانەکان بە وە جیا دەکرێنەوە رادەی تەختاییان کەمە سروشتێکی شەپۆڵاویان هەیە بە هۆی ئەو گرد وبانە کچکانەی لە خۆیانەوە دەگرن لە شێوەی دیاردەی (مێساکان)ی ودۆڵە خودان قەبارە ودووراییە جیاوازیەکان، بۆیە راکێشانی رێگاوبان لەو جۆرە بانانە رووبە رووی هەندەک گرفتی وا دەبنەوە کە پێویستیان بە چارەسەرکردن و رێگاچارە هەیە، کە لە هەندێ شوێن هەندەک گرد و بانی کچکە پێش بە کارکردن دەگرن، لەو دۆخەدا یان ئەوەتا دەبێ ئەو دیاردانە لا ببرێن تا پارێزی لە ئاست و رێکێ رێگاکە بکرێت یان رێڕەوی رێگاکە دەگۆڕدرێت لەکاتی ئەگەر پێکهاتەی ئەو دیاردانە لماوی یان هەندەک دیاردەی کارستیان لە خۆ دەگرت کە دیارە دەبنە هۆی داتەپینی رێگاکان لە ئایندەدا، لە کاتی نەبوونی توانای ئەنجامدانی ئەو رێگا چارانە ئەو کات رێگا چارەی دیکە دەگرترێنە بەر وەک چاککردنی باری ئەو دیاردانە بەو ماددانەی هێز و بەرگەیان پێدەخشن وەک بەردە رەق وهێزادارەکان وبارستە کۆنکریتیەکان.
بەڵام لە ئەگەری بوونی نزمایی و نەورایی لە رێگەی راکێشانی رێگاکاندا پێویست دەکات ئەو دیاردانە پڕ کرێنەوە تا دەگەن بە ئاست ورێکی پێویست بۆ دروست کردنی رێگاکە بە پێی پلانی دانراو لە لایەن ئەندازیارانەوە. بەڵکو لەوانەیە پێویست بەوە بکات جۆری پێکهاتەکانی شوێنی رێگاکان بگۆڕدرێن بەو جۆرانەی خاوەن تایبەتمەندی لە بار وتەندروستەوە بکرێ بۆ راکێشانی رێگاکان.
لە هاتنە پێشەوەی دۆڵەکانیش پێویست بە دروست کردنی پرد و قەنتەرە هەیە بە شێوەیەکی گونجاو لەگەڵ رێگاکان و بەرزاییەکی وایان هەبێت کە بەرزتر بێت لە ئاستی بەرزترین شەپۆڵی لێشاوەکانی (سیول) دوای بارانە لە رادە بەدەرەکانەوە بۆ خۆ دوور خستن لە مەترسیەکانیان، چونکە هەمیشە ژمارەیەکی زۆر لە پردەکانی ناوچە بیابانیەکاندا بەو هۆیەوە وێران بوونە لە پێشوودا، هاوشێوەی باران و لافاوەکانی ناوچە و دەورووبەری شاری جەددە لە شانشینی سعوودیادا کە زۆر ساڵ روودەدەن و دەبنە هەواڵی دەزگاکانی راگەیاندن.
ج- بانە خودان پێکهاتە فشەڵەکان:
زۆر جار پێکهاتەی سەر رووی بانەکان لە رووبەرێکی بەرفراوانی بیابانەکاندا لە پێکهاتەی فشەڵەوە پێکدێن لە لم و خاکی لۆیس (لۆس) کە بەرگەیان کەمە و تێچووی راکێشانی رێگاکان بە هۆیەوە بەرز دەبێتەوە لەبەر تێچووی کارەکانی لابردنی ئەو پێکهاتانە و گۆڕینیانەوە بە جۆری دیکەی باشتر و گونجاوتر. هەندێ جاریش لەوانەیە لمەکان بە ئەستووریەکی زۆرەوە بن کە لابردنیان ئەستەم و سەخت دەبێت وەک بیابان چارەکی بەتاڵ (الربع الخالی) لە دوورگەی عەرەبدا و دەریاکانی لم (بیحاڕ الریمال) لە بیابانی ئەفریقیادا.
بەڵام دیسان ئەگەر هات و رێگا وبانێشیان تێدا راکێشرا ئەو ناوچانە گرفتەکی گەورەیان هەیە کە خۆی لە جووڵان و گواستنەوەی لم و خاکەوە دەنوێنێ بە هۆی باکانەوە لە ئەنجامدا تووشی کێشەی ژینگەیی و کێشەکانی هات وچۆیان دەکەنەوە، ئەوەی یەکەمیان کار لەسەر سنووردارکردنی مەودای بینین دەکەن وێڕای پیسکردن و تێکدانی ژینگە بەڵام ئەوەی دووەمیان دەبێتە هۆی کەڵەکە بوونی لم لەسەر رێگاکانەوە بە بڕێکی زۆرەوە کە دەبێتە هۆی پەک خستنی پرۆسەی هات و چۆ بەڵکو روودانی رووداوە نەخوازراوەکانی کە زیانی گیانی و ماڵیان لێ دەکەوێتەوە.
ئەو دیاردەیە بۆ نموونە زۆر جار لە ویلایەتی نیڤادای ئەمریکیەوە روودەدات و هەمیشە لایەنە پەیوەندیدارەکان هەڵدەستن بە لابردنی ئەو گردە لمانە، هەر جارە بە بڕێکی جیاوازەوە بە پێی هێزی باهۆزە باییەکانەوە، کە بڕی لمی لابراو بە بڕی لە نێوان 4000-1500 م³ دەخەملێندرێت هەر چەندە هەوڵێکی زۆر و بێ هوودە دراوە لە پێناو جێگیر کردنی لم لەو بیابانەدا بەڵام ئەو هەوڵانە هەمیشە سەرناگرن.
لە پێکهاتە فشەڵەکانی دیکەی ناوچە بیابانیەکان زەویە سەبخاویەکانن (سەبخات) کە لە ناوچە نزم و ئاوزێڵیەکانی بیابانەکاندا هەن و بە هۆی کۆبوونەوەی ئاوی بارانی باریو بەسەر ئەو ناوچانەدا و بە بەهەڵمبوونی ئەو ئاوەوە کە لە سەرەتا هەر ئەو ئەو نیشتەنی و خوێیە جیا جیانەی لەگەڵ خۆیدا هێناوە دروست دەبن، کە وایە ئەو ناوچانە پێکهاتەیەکی فشەڵیان هەیە وە لە بەر نزمی ئاستی ئەو ناوچانە بەشێوەیەک کە ئاستی ئاوی ژێر زەوی تیایاندا نزیک دەبێتەوە لە ئاستی رووی زەویەوە بۆیە ئەو ناوچانە شێوەی زەویەکی روو زبر یان کێڵدراو وەردەگرن لەبەر ووشکی چینە تەنکەکەی سەرەوە و روو بە روو بوونەەوەی بە کاریگەری با و گەرمیەوە بۆیە ئەو چینە دادەکشێت هاوکات هەندێ بەشی بەرز دەبێتەوە وشێوەیەکی پچڕ پچڕ بە رووی زەوی ناوچەکە دەبەخشێت (وێنە) ئەو ناوچانەش بەرگەیان زۆر کەمە، ئەستەمە رێگاو بانی تێدا دروست بکرێت مەگەر تەنها دوای رێگاچارەی زۆر بە تێجووی بەرزەوە نەبێت.
د- ناوچەی دەریاچە و زەڵکاوە ووشکەکان و رێرەوە رووباریە ژێر خاک کەوتووەکان:
سەر رووی زەوی بنکی دەریاچە و زەڵکاوە ووشکەکان بە نیشتەنیە فشەڵ وکەم بەرگەکانەوە داپۆشراون، بۆیە تووشی داتەپین و رووچوون دێنەوە لە کاتی تێپەڕبوونی ئۆتۆمبیلەکان بەسەریانەوە، لە بەر ئەوە پێویستە ئەو پێکهاتانە هەندێ کەرەستەیان تێکەڵ بکەن کە ببنە هۆی باشتر کردنی تایبەتمەندیەکانیان ئەگەر نا بە پێکهاتەی باشترەوە بگۆڕدرێن.
هەروەها سەبارەت بە رێرەوی رووبارە ژێر خاک کەوتووەکان یان جێهێڵدراوەکان کە لە نیشتەنی فشەڵی لمیەوە پێکدێن کە بەرگەیان کەمە و بە چێنێکی تەنکی قوڕین داپشراون، بۆیە لە کاتی راکێشانی رێگاو بانەکان بەسەریان دا رووبەڕووی داتەپێن دەبنەوە، لەوانەشە ئاستی تاسە دروست بووەکان بگەنە رادەیەک کە ئەستەم دەبێت بۆ ئۆتۆمبێلە کچکە و مامناوەندەکان بەسەریانەوە تێپەڕ ببن، هەروەها لەوانەیە تێچووی نۆژەن کردنەوەکان دووجای تێچووی دروست کردنی رێگاکان بن.
ح- ناوچەکانی پێکهاتە بەفریەکان (شەختەییەکان-سەهۆڵیەکان):
ئەو جۆرە ناوچانەی لە پێشوودا بە بەفر یان بە نیشتەنیە بەفریەکان داپۆشراو بووون بە ناوچە فشەڵ و کەم بەرگە دەناسرێن، چونکە کردارەکانی بەستن و توانەوە کار لە سەر لاواز کردن و بێهێزکردنی پێکهاتەکان دەکەن، هەروەها بە هەمان شێوە سەبارەت بەو نیشتەنیانەی کە بەفر یان ئەو ئاوانەی لەئەنجامی توانەوەیانەوە دەیانگوازنەوە، بۆیە بۆ ئەوەی رێگاوبانیان بەسەردا رابکێشرێت پێویستە کەرەستەی قوڕینی نا کونیلەداریان تێ بڕژێندرێت تا ئەو رادەی هێز و بەرگەیان بەرز دەبێتەوە.
جێگەی ئاماژەیە هەڵبژاردنی شوێنە گونجاوەکان بۆ دامەزراندنی رێگاوبانەکان تەنها پەیوەندیان بە پێکهاتەکانی سەر رووی زەویەوە نیە بەڵکو بە ئەوانی ژێرەوەشەوە هەیە کە ئەوانیش هەر چەند بەهێز و بتەو و بی درز و کەلێن و شکان بن هاوکاری زیاتری بەهێز کردنی چینی سەرەوە وتەمەن درێژی رێگاکاە دەدەن و بە پێچەوانەوە، بۆیە هەمیشە دەبێ رەچاوی جۆری پێکهاتەکانی ناوچەکانی راكێشانی رێگاوبانەکان بکرێت.
- پێکهاتەی سەرەکیەکانی دروست کردنی رێگاکان و پێداویستیەکانیان:
آ- پێکهاتە سەرەکیەکانی رێگاکان:
مەبەست لەو بەشە ئەو چینە سەرەکیانەیە کە پرۆفایلی رێگاکان پێکدەهێنن کە لەهەمان کاتدا قۆناغە جیا جیاکانی دروست کردنی رێگاکان پێکدەهێنن کە لە سێ چینی سەرەکی پێکدێن ولە خوارەوە باسیان لێوەدەکرێت:
1- چینی سەرەوە: بەشی هەرە سەرەوەی رێگاکان پێکدهێنێت کە لە تێکەڵاوەیەک لە قیڕ وزفت و چیمەنتۆ و چەگڵ (چەو)ی قەبارە مام ناوەند یان لە بەردی هاڕدراو پێکدێت کە بە گشتی بە ئەستووری 15سانتیمەتر (ئەستووریەکە پشت دەبەستێت بە رادەی قەرەباڵغی و جۆری ئەو بارهەڵگرانەی کە بەکاری دەهێنن بە تایبەت بارهەڵگرە گەورەکان)، کە بە بڕی دیاریکراو تێکەڵ دەکرێن تا رێگاکە تووشی گرفت نەبێت لە داهاتوودا، چونکە ئەگەر رێژەی قیرەکە زۆرتر بوو تێکەڵاوەکە نەرم دەبێت و ئەگەری زۆری راکشانی هەیە لە وەرزی گەرمادا، ئەگەر کەمێش بوو ورێژەی چەگل و بەرد تیایدا زۆرتربوو ئەو کات رووی رێگاکە زبر دەبێت و رێژەی کونیلەداری بەرز دەبێت و رێگە دەدات بە داچۆڕان ئاو بەناویدا و دەبێتە هۆی تێکدانی رێگاکە، وبەمەبەستی تیپەڕاندنی ئەو گرفتانە دەبێ ئەو کەرەستانەی بەکاردێن لەو چینەدا ئەو تایبەتمەندیانەی خوارەوەیان تێدا هەبێ:
آ- کەرەستەی رەق وخودان بەرگەی پەستانی بەرزیان هەبێ.
ب- رادەی کونیلەدار و داچۆڕاندنی کەمی ئاویان هەبێ.
ج- زبری سەر رووی چینی چەگڵ (چەوو) وبەردە هاڕدراوەکان لە پێناو زۆرتر پتەو کردن و یەگکرتن رێگاکە.
د- کەمی رادەی کاریگەر بوونی کەرەستە بەکارهاتووەکان بە توخمەکانی ئاووهەواوە.
2- چینی بنەڕەتی ناوەڕاست:
چینێکی بنەڕەتی ئامادە کرواوە لە باش تێکەڵاو کردنی چەگڵ و لم (زیخ) ەوە بە ئەستووری تا (60 سانتیمەترەوە) کە لە سەر چینی خاکە تێر ئاو بووەکە جێگیر دەکرێ، زۆربەی قورسایی بارهەڵگرەکانی بە شێوەیەکی یەکسانی دەکەوێتە سەر بۆیە کاریگەری لە سەر چینی ژێر خۆی کەمدەکاتەوە، لە بەر ئەوە دەبێ زۆر بتەوو بێ و بەرگەی توخمەکانی ئاوو هەوا بگرێ، بۆیە ووردە بەردە جیا جیا یەکێکن لە کەرەستەی خاوی ئەو چینە ئەگەر دەستیش نەکەوت ئەوا چینی ژێرەوە بە چینە قوڕێکی خەستەوە دادەپۆشرێت جونکە کەمتر کارەیگەر دەبێ بە فاکتەرە دەرەکیەکانەوە.
3- چینی بنەڕەتی لاوەکی ژێرەوە (ژێر بنەڕتیەکە):
ئەو چینە پێش هەموو شتەک دەبێ یەکەم جار کاری خۆشکردن و رێک کردن و تەخت کردنی پێویستی لۆ بکرێ دواتر بە کەرەستەی کەم نرخ دادەپۆشرێت و بە شێوەیەکی باش دەپەسترێتەوە و دەکوترێتەوە بە ئامێرە قورسە تایبەتانەوە کە تایبەتن بە کاری دروست کردنی رێگاکان و پرۆژە هاوشێوەکانیان.
ب - رێگا چارەو بنەما بنەڕەتیەکانی دامەزراندنی ڕێگاوبانەکان (پێداویستیە هونەری و شارەزایی و ئامادەکارەیە پێشوەختەکان):
بە گشتی ئەندازیاری شارستانی جەند خاڵەک رەچاو دەکات لە کاتی دامەزراندنی رێگاوبانە ووشکانیەکان کە کاریگەریان لەسەر تەمەنی رێگاکان هەیە و دەکرێ لەو چەند خاڵەی خوارەوە پوخت بکرێنەوە:
1- ئاستی بەرزی ناوچەکە لە سەر ئاستی رووی دەریاوە.
2- جۆری بەرزی و نزمی ناوچەکە.
3- جۆراو جۆری پلەی سەرەو لێژی رووی زەوی.
4- لەبەر دەست بوونی کەرەستەکانی دروست کردنی رێگا بە شێوەیەکی زۆر و بە رێژەیەکی بەرزەوە.
5- دووری و نزیکی شوێنی پێشنیارکراوی ئەو پرۆژانە لە ناوچە ئەو دیاردانەی دەبنە ئەگەری دروست کردنی مەترسی لە سەریانەوە وەک کەنار دەریا و دەریاچەکان و رووبارە گەورەکان و هەروەها سەبارەت بە ناوچەی بوونی گڕکانەکان و ناوچەی چاڵاکی بوومە لەرزەکانەوە.
6- تایبەتمەندیە فیزیایی و کیمیاییەکانی خاک لە ژێر رێگاکان.
7- تایبەتمەندیە فیزیایی و کیمیاییەکانی ئاوی ژێر زەوی لە ناوچەکە، و بڕی ئاوەکە، وئاشنا بوون بەو رێگایانەی ئەو ئاوانە دەیانگرنە بەر لە ژێر زەویدا، و زانینی رادەی کاریگەری ئەو ئاوانە لە سەر رادەی توانەوەی کانزای ناو بەردەکان لە ژێر رووی رێگاکاندا.
8- رادەی کاریگەر بوونی رێگاکە بە کرداری دابارین، بە تایبەتی بەفر بارین ئەو شتەی کەوا پێویست دەکات پەرژینی تایبەتی لۆ دروت بکرێ لە رووی ئاراستە گشتیەکانی هەڵکرنی با لە لا پاڵی رێگاکاندا بە مەبەستی رێگەگرتن لە داپۆشینیان بە بەفر وداخستنیان.
9- تا چ رادەیەک سەر رووی رێگاکە کاریگەر دەبێت بە پرۆسەکانی کەشکاری و داماڵین.
10- پێشبینی کردنی رادە و چڕی بەکار هێنانی رێگاکە و جموجۆڵی هات و چۆ (چونکە پەیوەندی بە بڕی ئەو پاڵە پەستۆ و بارستاییەی دەکەوێتە سەر رێگاکە).
11- دانانی باشترین بژاردەکانی دروست کردنی رێگاکە لە رووی درێژی و سەلامەتی و تەختیەوە لە پێناو باشترین خزمەت گەیاندن بە خەڵک وبە پرۆسەی ئابووری وپەرەپێدانی ناوچەکە.
لە ڕووی پێکهاتە بەردەکانەوە
-
- جۆرەکانی رێگاو بانە ووشکانیەکان:
هەموو ئەو جۆرانە دەگرێتەوە کە لە سەر ووشکانی دادەمەزرێن و رادەکێشرێن وەک رێگەی ئۆتۆمبێل و هێڵی ئاسنینی شەمەندەفەری نەریتی و کارەبایی هەروەها میتڕۆ و تڕام وەی.
............................................................................................................................
<div id="google_translate_element"></div><script type="text/javascript">
function googleTranslateElementInit() {
new google.translate.TranslateElement({pageLanguage: 'en', layout: google.translate.TranslateElement.InlineLayout.SIMPLE, multilanguagePage: true}, 'google_translate_element');
}
</script><script type="text/javascript" src="//translate.google.com/translate_a/element.js?cb=googleTranslateElementInit"></script>
<div id="google_translate_element"></div><script type="text/javascript">
function googleTranslateElementInit() {
new google.translate.TranslateElement({pageLanguage: 'en', layout: google.translate.TranslateElement.InlineLayout.SIMPLE, multilanguagePage: true}, 'google_translate_element');
}
</script><script type="text/javascript" src="//translate.google.com/translate_a/element.js?cb=googleTranslateElementInit"></script>
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق