08 فبراير 2017

رێبازی لێکۆڵینەوەی جوگرافی / بەشی یەکەم ودووەم لە سەرەتاکانەوە تا کۆتایی چۆن دارٍشتنی گرفتی لێکۆڵینەوە

حکومەتی هەرێمی کوردستانی عیرٍاق
وەزارەتی خوێندنی باڵا ولێکۆڵینەوەی زانستی
زانکۆی سەڵاحەدین – هەولێر
کۆلیژی ئەدەبیات- بەشی جوگرافیا


بابەت :   رێبازی لێکۆڵینەوەي
جوگرافی 
مامۆستای بابەت: پ.ی.د.حکمت عبدالعزیز حوسەینی

پێکهاتەی بابەتەکە
ئەو وانەیە ئەو هەنگاوانە روون دەکاتەوە کە پێویستە قوتابی پەیڕەوی بکات بە مەبەستی ئامادەکرنی هەر لێکۆڵینەوەیەکی زانستی، بەهۆیەوە قوتابی ئاشنای چۆن هەڵبژاردنی بابەتی لێکۆڵینەوە دەبێت، هەروەها چۆن لە پەرتووکخانە بەدوای سەرچاوەو وکتێب وداتاکاندا بگەڕێت، هەروها قوتابی فێردەبێت پرۆژەی لێکۆڵینەوە چۆن دەنوسرێت، سەرچاوەکانی بەدەست هێنانی زانیاریە جوگرافیەکان چین، وچۆن بیرۆکە وداتاکان کۆ دەکرێنەوە، دواتر چۆن لێکۆڵینەوەکە دەنوسرێت، هەروەها نموونە وسامپڵ چۆن وەردەگیرێن وکەرەستەکانی لێکۆڵینەوەی زانستی بە تایبەتی ئەنجامدانی راپرسی ودیمانە وچاوپێکەوتن، هەروەها لەو بابەتە دواتر رێبازەکانی لێکۆڵینەوەی زانستی روون دەکرێنەوە، وشێوازی نووسینی پەراوێزەکان وبە دوکومێنتکردن روون دەکرێنەوە، هەروەها تیشک دەخرێتە سەر چۆن دانانی لێکۆڵینەوەکە لە شێوەی کۆتایی خۆیدا دواجاریش چۆن ناوبژیوانی (مەبەست را دەربڕین (حوکم کردن)) لە سەر ئاستی لێکۆڵینەوەکە ئەنجام دەکرێت، ئایا لێکۆڵینەوەکە سەرکەوتووە یان نا.
ـــــــــــــــــــــــــ
پلانی هەفتانەی ووتنەوەی بابەتەکە رێبازێ لێکۆڵینەوەی جوگرافی:
هەفتەی یەکەم : دەست نیشانکردنی ناوونیشانەکە ( مەرج ورەچاوکردنەکانی هەڵبژاردنی ناوونیشانی لێکۆڵینەوەی پێشنیارکراو- گەڕان لە ناو پەرتووکخانە ولە ناوتۆڕی ئینتەرنێت بە دوای سەرچاوەکانی بابەتە زانستیەکە)
  هەفتەی دووەم وسێیەم: چۆن نوسینی پرۆژەی (پرۆپۆزەڵەکە) لێکۆڵینەوەکە (پیشەکی – بابەتی لێکۆڵینەوەکە یان گرفتی لێکۆڵینەوە- ئامانجی یان ئامانجەکانی لێکۆلینەوە- گریمانەکانی لێکۆڵینەوە- پاساوەکانی ئەنجامدانی – رێبازی لێکۆڵینەوە- سەرچاوەی داتا وزانیاریەکان- کۆسپ وتەگەرەکان).
هەفتەی چارەم: هەر لەگەڵ نووسینی پرۆپۆزەڵەکە دیسان باس کردنی ( بایەخی لێکۆڵینەوە- هۆیەکانی هەڵبژاردنی بابەتەکە- لێکۆڵنەوەکانی پێشوو- نووسینی پلانی پێشنیار کراوی لێکۆڵینەوەکە (بەشەکانی لێکۆڵینەوەکە))
هەفتەی پێنجەم: کۆ کردنەوەی بیرۆکەکان وپێدراوەکان (داتاکان) (خوێندنەوەی سەرچاوەکان- وەرگرتنی دەقەکان لە سەر چاوەکان- بەکار هێنانی کارەتەکان)
هەفتەی شەشەم وحەفتەم:نووسینی لێکۆڵنەوەکە (هەڵێنجاندن (الاقتباس)- دەست پاکی زانستی – زاراوە وزمانەوانی – بڕگەکەکان (الفقرات) نازناوەکان – کورتکراوەکان)
هەفتەی هەشتەم: دیمەنی نووسین وخستنە سەری شتی نوێ بۆ بابەتە نوسراوەکە وقەبارەی لێکۆڵینەوەکە(چەند بێت).
هەفتەی نۆیەم ودەیەم: نووسینی پەراوێزەکان وبە دوکومێنتکردنی کارەکە.
هەفتەی یازدەم: نموونە وسامپڵەکان- کەرەستەکانی لێکۆڵینەوەی زانستی (راپرسی – ودیمانە وچاو پێکەوتن)
هەفتەی دوازدەم: رێبازەکانی لێکۆڵینەوەی زانستی .
هەفتەی سێزدەیەم: چۆن لێکۆڵنەوەکە لە لە سەر شێوازی کۆتایی دابنرێت.
هەفتەی چاردەم: چۆن رادەڕبڕین ونێوانی کردن لە سەر ئاستی لێکۆڵینەوەکە وهەروەها بابەتی تاووتۆکردن.
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
بنچینە وکۆڵەگەکانی لێکۆڵینەوەی سەرکەوتوو:
1-خوێندنەوەی فراوان: چونکە قوتابی لە قۆناغی نووسینی لێکۆڵینەوە دەبێ زۆر وبە قووڵی بخوێنێ ، ودەبێ ئاگاداری هەموو ئەو نووسینانە بێت کە پێشتر لە سەر ئەو بابەتەی ئەویان نووسیوە (مەبەست ئەو جۆرە بابەتانە بە گشتی کە هاوشێوەی بابەتی پێشنیار کراون وێڕای ئەو نووسینانەی پەیوەندیان بە بابەتەکەی ئەو هەیە) چونکە تا نەخوێنێت فێر نابێت، کەسێک لە خۆیەوە لە پڕ ڕا بێ خوێندنەوەی ئەزموون وکاری توێژەرانی پێش خۆی ناتوانێ ببێ بە توێژەر، بۆ ئەو مەبەستە دەبێ سەردانی پەرتووکخانەکان بکات بۆ ورگرتنی گۆڤارە زانستی وئەکادیمیەکان، یان سەردانی ماڵ پەڕە زانستیەکان گۆڤارە ئەکادیمیەکانی تایبەت بە زانکۆیە جیا جیاکان یان رێکخراوو ودەزگا زانستیە باوەڕ پێکراوەکان بۆ نموونە سایتی گۆڤاری زانکۆ کە لە رێگەی ئەو ناوونیشانەوە سەردانی دەکرێت (su.edu.krd)  کە دواتر دەچێتە ناو لینکی تایبەت بە بڵاو کراوەکان (publications)
2- هەڵوێستی قوتابی ناشیرین وشەرمەزار ئامێز دەبێت کاتێک روو بەڕووی تاقی پێکەرەوەکانی ببێتەوە بەو زانیاریانەی لەوانەیە هیچ کاریگەریان نەبوو بێت لە ئەنجامدانی گۆڕانکاری لە بارەی ئەو دەرەنجامانەی کە پێی دەگات، یان رووبەڕووی ببنەوە بە هەندێ دەرەنجامی دڵڕفێنتر وسەرنج راکێشتر لە لایەن کەسانی دیکەوە کە ئەو نەیتوانیوە بگاتە ئەو ئاستە کە لەوانەیە ئەوان لە سەردەمێکیش کارەکەی خۆیان ئەنجامدابێت کە هۆکاری تەکنۆلۆجی سەرکەوتوو لە بەر دەستدا نەبووبێت
3-رای خەڵکی دیکە بە راستی سەلمێنراوی نەگۆڕیان دانەنێت چونکە زۆریک لەو رایانە لە سەر بنەمای نا دروست بنیاتنراون بەڵکو دەبێ لە بارەی جۆری سەرچاوەکان وجۆری ئەو نوسەرانەی کە دەکەونە بەر دەستی پرسیار لە مامۆستایان وقوتابیانی خوێندنی باڵای پێش خۆی بکات ولەگەڵ زۆرترین کەس قسە بکات، چونکە توێژەرانێکی زۆر هەن ئەوەندە سادە لەو بە کاری دۆزینەوەی سەرچاوە هەڵدەستن کە وا دەزانن هەکەسێک ئەوان نەیان ناسن وبیانی بن ئەوا سەرچاوە زۆر باشن، بێگومان ئەوە بیرکرنەوەیەکی زۆر سادەیە ونیشانەی کەم زانی توێژەرە بۆیە بە هۆیەوە رووبە ڕووی رەخنەی شەرمەزارکەر دەبێتەوە لە لایەن هەڵسەنگینەران وتاووتوێکەرانەوە ورادەی سادەیی توێژەر دەردەخات.
4-دەبێ لێکۆڵینەوەکەی ئەو شتێکی نوێی تێدا بێت چونکە لێکۆلەران لە شوێنی بە کۆتا هاتنی خەڵکی دیکە دەست پێدەکەنەوە، هیچ پاساوێک نیە بۆ دووبارە کردنەوەی هەمان لێکۆڵینەوە تەنها لە هەندێ جۆری کەم لێکۆلینەوەکان نەبێ کە بۆی هەیە بە پێی کات وماوەی جیا گۆڕان بە سەر راستیە زانستیەکانی هەمان شوێن دابێت وەک بۆ نموونە دابەشبوونی جوگرافی دانیشتوانی ناوچەیەک یان شارێک کە بۆی لە پێشوو لەماوەی نێوان 1970-1990 ئەنجامدرابێت کەچی دەتوانرێت دووبارە بکرێتەوە بۆ ماوەی 1990 تا 2010 یان لێکۆڵینەوەکانی تایبەت بە فراون بوونی شارێک لە شارەکان لە نیوان چەند ماوەی لە یەک جیاوازەوە  کە بێگومان گۆڕانیان بەسەر دا دێت.

بە هەرمەندی لە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە وکەسایەتی لێکۆلەر:
لێکۆڵینەوەی ئەکادیمی بەهەرەیەکە بە هەندێ کەس دەبەخشرێت وهەندێ کەس لێی بێ بەشن، هەندێ کەس خۆ ڕسک تەنانەت لە ژیانی رۆژانەشیانەوە رۆشنبیر و خوێنەری باشن وئەگەر بە شێوەیەکی سەرەتاییش بێت لێکدانەوەی زانستیانەیان هەیە وبە ووردی لە شتەکان دەکۆڵنەوە وبە دوای راستی سەلمێنروای بابەتەکان دا دەگەڕێن، بەڵام هەندێ کەسی دیکە هەمیشە هەڵوێستیان لاوازە بەرامبەر بەو راستیانەی روو بەڕوویان دەکرێتەوە وتێیان ناگەن ونازانن ئەو بابەتانە چین وسەرچاوەیان چییە بۆی هەیە شتی رازاوەو ریکلام بۆ کراویان لا زۆر پەسەند بێت ئەگەر چی بایەخی زانستیشیان نەبێت. 
2- چونکە لێکۆڵینەوەو بە دواداچوون داهێنان وکارامەییە ، ئەوەش توانایەکی تایبەتە لای هەندێ کەس دەردەکەوێت ولای هەندێکی دیکە یان ئەوەتا کەمە ویان ئەوەتا هەر نیە
3- دەکرێت بەهرەی ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی لە رێگەی هەوڵ وکۆشش وزۆر خوێندن وگەڕان بە دوای زانیاری پەرەی پێ بدرێـت

تایبەتمەندی وخەسڵەتەکانی لێکۆلەر:
 خەسڵەتە رەوشتیەکان:
خۆ بە دوور گرتن لە رۆیشتن بەلای ئارەزووەکانی خۆی، وگەڕان بە دوای دادوەری ودەستپاکی وئارامگری لە کارکردنی بەردەوام وهەمیشە کەسایەتیەکی خۆ نەویست ورێزدار هەبی وهێڕش نەکاتە سەر هیچ کەسایەتیەکی زانستی یاخود زانایەک ئەگەر هەر هەڵیەکی کردبێ.
کەوایە لیـَکۆلەر دەبێ بەرگی خۆپەرستی وخۆ بە زل زانی لە سەر خۆی لادات، هەروەها پاڵنەرەکانی حەز و ئارەزووی خۆی وەلانێت، بۆ ئەوەی دادوەرانە رەخنە وهەڵسەنگاندنی کاری خەڵکانی دیکە ئەنجام بدات. بێ زێدەڕۆیی لە را دەڕبڕین ودبێ هەر لە هەنگاوە سەرەتاییەکانیەوە تەنها وەک کەسێکی دادوەر وبێ لایەنانە سەیری بیرو ڕاکان بکات حوکم وبڕیاری پێش وەختەی نەبێـت بۆ بابەتەکان بەڵکو دەبێ بە دوای بەڵگەی راست ودروست بگەڕێت وڕایە جیا جیاکان دادوەرانە هەڵسەنگێنێت.
2- فراوانای بازنەی شارەزایی وزانیاریەکان:لێرەدا مەبەست کۆ کردنەوەی زانیاری وداتاکان نیە بەڵکو بوونی باکگراوندی زانستی پێشینەیە لە سەر گرفتی لێکۆڵینەوە، ئەو خەسڵەتە گرنگ وپێویستە بۆ توێژەران تا بتوانن ئازادانە لە ناو بازنەی پسپۆڕێتی خۆیان بخولێنەوە، چونکە فراوانی رادەی شارەزا بوون وقووڵ بوونەوە بۆ ناو ووردەکاریەکانی کێشە وباس وکەیسەکانی زانست توانای مانۆڕکردنی زانستی پێ دەبەخشێت بۆ داڕشتنی بیرۆکەکان ودەرکردنی ئەنجامەکان، چونکە هەر چەند کەم وکۆڕی هەبوو لە بواری شارەزایی وزانینەوە لە بارەی لقە خوراکدەرەکانی لێکۆڵینەوەکەی خۆیدا لە رووی سەرچاوەی زانستی پێویست وبە پێزەوە ئەوا ئەگەری داڕشتنی ناوەرۆکی لێکۆڵینەوەکەی سنووردار ونا گشت گیر وپڕ کەم وکەوڕی دەردەچێت. ئەو شارەزا بوونە بێگومان لە رێگەی خوێندنی سەرچاوەی پێشووەوە دەستە بەر دەبێـ بە شێوەیکی سەرەکی، چونکە کەس ناتوانێت لە کێشەیەک بکۆڵێتەوە تاکو شارەزایی لە بارەی زانیاریە پێشتر تۆمارکرواەکان لە بارەی کیشەکە پەیدا نەکات بێگومان پەرتووک وتێزە ئەکادیمیەکان وگۆڤارە زانستیەکان لە پەرتووکخانەکانی بەشی زانستی وکۆلیژ وزانکۆ وپەرتووکخانەی گشتی شارەکان وپێگە وماڵپەڕە ئەکادیمیەکان کلیلی گەیشتنن بە مەبەست وناوەرۆکی ئەو خاڵە
3-ئارامگری وکۆڵ نەدان : دەبێ توێژەر ئارامی هەبێ وبزانێ هیچ شتێک ئەگەر بایەخی هەبێ بە ئاسان ناێیتە بەرهەم وهەر شتێک ئەگەر پێشتر کاری لە سەر کرابێ وئەو دووبارەی کاتەوە هیچ بایەخی نیە بۆیە دەبێ باوەڕی بەوە هەبێ کە دەبێ ئەنجامی نوێ وشتی نوێ لە کاری ئەودا بێتە بەرهەم بەڵام دوای ئارام گرتن وکۆڵنەدان بێگومان وەک فەیلەسووفی چینی (لاو تسوو) دەڵێ (گەشتی هەزار میل بە یەک هەنگاو دەست پێدەکات)
4- رێز گرتن لە کات: لێکۆڵینەوەی جوگرافی بەتایبەتی وزانستی بە گشتی لە خوێندنی بەکالۆریۆس وماستەر ودکتۆراه هەمیشە بەندە وبەسترواە بە کات ورێکەوتی دیاری کراوەوە بۆ تەواو کردنی بۆیە ووریا بوون لە کات بە فێڕۆ نەدان وهەمیشە خولیا بوون بە ئەنجامدانی کاری لیکۆڵینەوە وسست نەبوونەوە یەکێکە لە کلیلەکانی سەرکەوتن لە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی زانستی وباشترین رێگا بۆ ئەو مەبەستە دانانی خشتەیەکی کار کردنی گرێدراو بە کاتەوە لە سەر چەند ئاستێک بۆ نموونە لە سەر ئاستی 1- ساڵێک بە مەبەستی فریاکەوتنی تەواو کردنی هەموو بەشەکانی لێکۆڵینەوە بە کارە نووسینگەییەی وکارە گۆڕەپانی (کێو ماڵی یان کێڵگەی) وهەروەها تاقیگەیی 2- ئاستی مانگێک بۆ قۆناغە جیا جیا کان یاخود بەشەکان 3- چەند رۆژێک بۆ کاری گۆڕەپانی یان تاقیگەیی 4- ئاستی رۆژانە بۆ دیاری کردنی کاتەکانی کار کردن لە ماڵەوە یان لە کۆلیژ یان لە پەرتووکخانە . ئەو شتە زۆر گرنگە گەرەتنی ئەنجامدانی کارەکە لە بە پێی ماوەی دیاری کراودا دەدات ئەگینا توێژەر تووشی چەندی کێشەی لەوانەیە یاسایی لە بەرامبەر رێنماییەکان یان ئەوەتا دەرونی لە بەرامبەر بە خودی خۆی یان لەوانەیە کیشەی هەست بە شەرمەزاری لە رووی خەڵکی دەوروبەریەوە دەبێتەوە چونکە ئەو دۆخانە دۆخی راستەقینەن وبوونیان هەیە لە نێو لێکۆلەراندا بە شێوەیەکی گشتیەوە.
5- توانای هەڵس وکەوت کردن لە گەڵ گۆڕانکاری وپێشهاتەکان :بێگومان مرۆڤ هەمیشە ژیانی بەسترواە بە پێشهاتەکانەوە ئەو شتەی لە تەواوی جیهاندا رەنگدانەوەی هەیە لە سەر هەموو ئاستەکاندا چ لە ژیانی رۆژانەی کۆمەڵایەتی یان باردۆخی ئابووری ورامیاری ئەمنی ویاسایی .....هیتەرە. بۆیە دەبێ لێکۆلەری زیرەک بێت وئەو توانایەی هەبێت مامەڵە لەگەڵ پێشهاتەکان بکات وزیرەکانە لێیان دەرباز بێت ولە بەرامبەریاندا دەستە وەستان نەبێت. ودەبێ باوەڕی بەوە هەبێت کە دەبێ زاڵ بەسەر  هەموو پێشهاتێک هەر چۆنێک بێت یان لەگەڵی رابێت وبزانێت کەژیان وێڕای ئەو دۆخانە هەر بەردەوام دەبێت تا گیان بە بەر مرۆڤدا مابێت.
ــــــــــــ
هەڵبژاردنی بابەت:
یەکەم: نابێت بابەتی لێکۆڵینەوە (ناوونیشان) بە زۆر بە سەر قوتابی بسەپێنرێت لە لایەن مامۆستاوە، بەڵکو باشترە ناوونیشانەکە لە لایەن قوتابیەکەوە گەڵالە بێت ئەوەش پێویستی بەوە هەیە قوتابی خۆی بزانی لە ناخی خۆیدا حەز وئارەزووی بەرەو کام لایەن ولق لە جوگرافیادا هەیە، ئەوەش ئەرکێکە پێویستی بە رێنمایی کردن وئاراستەکردنی مامۆستای سەرپەرشتیارەوە هەیە.
دووەم: زۆرەک لە قوتابیان لە سەر هەمان ئەو هێلە دەڕۆن کە زۆربەی ئەوانی پێش خۆی لە سەری رۆیشتوون بەڵکو زۆرانیشیان لقێک هەڵدەبژێرێت کە بە ئاسان ناوی دەبات، وهیتریش دێن هەمان رێباز دەگرنە بەر، بەڵام جیاوکەکانی ئەو ئاراستەیە کاتین یاخود راستە بگوترێت قازانجی خێرای تێدا هەیە، بەڵام لە سەر ئاستی مەودایەکی دوورەوە باشترە قوتابی رێگەی خۆی بەرەو لقێک ببڕێت کە پسپۆڕانی کەم بن چونکە بۆ قوتابی بەهای زۆر ترە سەرباری ئەوەی کە خزمەتی پسپۆریەکە دەکات بە واتایەکی دیکە (دروست کردنی وداڕشتنی بابەتەکە). بە تایبەتی ئەو بابەتە قوتابیانی ماستەر ودکتۆراه دەگرێتەوە، کاتێک ئەو قوتابیانە بابەت هەڵدەبژێرن پێشتر دەبێ سەیری پێویستی بەشی زانستی خۆیان بکەن، ئاخۆ لە کام پسپۆڕیدا کەم وکوڕی هەیە ومامۆستای پسپۆڕی تێدا نیە، ئەو کارەش دوو سوودی سەرەکی هەیە یان باشترە بڵێین دو خاڵی ئەرێنی تێدایە ئەوانیش یەکیان ئەوەیە کە پێویستیەکانی بەشەکەی خۆی دابین دەکات ودووەمیشیان ئەگەری داماەزراندنەوەی لە بەشەکەی خۆی وەک مامۆستا وئەندامی ستافی مامۆستایان بەدەست دەهێنێت (مسۆگەر دەکات) بەڵام لەوانەشە ئەو کردەیە بەلانی کەمەوە لایەنێکی نەرێنیشی هەبێت ئەویش ئەوەیە لەوانەیە ئەو بابەتەی هەڵیدەبژێرێت لە رووی زانستیەوە لەگەڵ حەز وئارەزووە زانستیەکەی خۆی یەک نەگرێتەوە.
سێیەم:پێویستە قوتابی چاو بەو لێکۆڵینەوانە دا بخشێنێت کە لە پێشوودا ئامادە کراون ئەو شتەش خزمەت بە دوو مەبەست دەگەیەنێت، یەکەمیان قوتابی سوود لە سروشتی بابەتە جوگرافیەکان وەردەگرێت وئاشنای هەندێ نموونەیان دەبێت، ولە لایەکی دیکەوە خۆی لە بابەتی دووبارە بوونەوە وهاوشێوە بوونی بابەتەکەی لەگەڵ بابەتەکانی پێشوو بە دوور بگرێت، چونکە نابێ قوتابی بابەتێک تۆمار بکات وکاری لەسەر بکات کە پێشتر تۆمار کرابێت وکاری لەسەر کرابێـت.
چوارەم: باشتر وایە لە هەموو دۆخەکان قوتابی بابەتێکی نوێ هەڵبژێرێت پێشتر کەس لە سەری نەنووسیبێت، بۆ ئەوەی قوتابی بتوانێت نوێکاری تێدای ئەنجامبدات بەڵام لە هەمان کاتدا دەبێ بابەتێک بێـت سەرچاوە سەرەتاییەکانی هەبن ودەستی کەون وەک ئامارەکان وسەرژمێریەکان ونەخشەکان وبە ئاسان لە توانا بوونی ئەنجامدانی سەردانی کێڵگەییەکان (گۆڕەپانیەکان) بۆ بینینی ناوچەی لێکۆڵینەوە،
پێنجەم: حەز کردنی قوتابی بە بابەتی لێکۆڵینەوەکەی خۆی (بوونی تەباییە لەگەڵ بابەتەکەیدا) ئەوەی کاری ئەنجامدانی لێکۆلینەوەکە زۆر ئاسان دەکات ئەو تەباییەش لەگەڵ بابەتەکە لەوە دێـت ئەگەر هات وقوتابیەکە لە هەمان بواری بابەتەکە کار بکات واتا ئەو ئامانجانەی تێدا بێت کە خزمەتی لایەنی پسپۆڕی ئەو بکەن یان نیشتەجێی هەمان ناوچەدا بێتـ کە لێکۆڵینەوەکەی لە سەر ئەنجامدەدات.
شەشەم: نابێ لێکۆڵینەوەکە پێشتر نوسرابێت چونکە ئەوە دەبێتە هۆی دووبارە ماندوو بوون لە سەر کارێکی کۆن بێ ئەوەی هیچ شتێکی زانستی نوێ بێتە کایەوە لەو بوارەدا
حەفتەم : بڕێکی گونجاوی لە داهێنان وشتی زانستی نوێ تێدا هەبێت، ئەو شتە بە تایبەت لە بواری تێزەکانی دکتۆراه مەرجی سەرەکیە بۆ شیاوی بابەتەکە.
هەشتەم: بتوانرێت لە سەری بنوسرێت نەک  بابەتێک بێـ بواری پسپۆڕی نەتوانێـت توخمەکانی داپۆشێـت و بیگریتە خۆی، لە هەمان کاتیشدا هیچ دەرەنجامێکی زانستی لێوە نەێیتە کایەوە.
نۆیەم : پەسەند ترە لێکۆلەر خۆ بە دوو بگرێـ لەو بابەتانەی دەیبەنە ناو هەندێ کێشە وسەر ئێشەی کە رێگری لێ بکەن لە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەکەی.
دەیەم: لاری نەبوونی سەرپەرشتیار زۆر گرنگە چونکە ناتوانرێت هیچ بابەتێک لە بواری ماستەر ودکتۆراه تۆمار بکرێت بە بێ لاری نەبوونی سەرپەرشتیارەوە، بەڵڕم دەبێ لە ناو هزری قوتابی روون بێ کە سەرپەرشتیار راسپێردراو نیە بە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە لە سەر بابەتی قوتابیەکە ئەو کارە کاری قوتابیەکەیە بەر پرسیارەتی سەرەکی دەکەویـَتە سەر شانی ئەودا، بۆیە لێرە دا رۆڵی سەرپەرشتیار ئەوەیە لاری نەبوونی خۆی لە سەر نیشان بدات یان تۆزی یان زۆر هەموارکردنی لە سەر ئەنجامدات یان رەتیکاتەوە لە بەر نەشیاویەوە، ئەگەر رەتیشی کردەوە دەبێ قوتابی بەدوای بابەتێکی دیکە دا بگرەێت.
یازدەم: دوای کۆتایی هێنان بە هەڵبژاردنی بابەتەکە بە گوێرەی رێنماییەکانی لە پێشوو روونکراوەکان، رێگا چارە فەرمیەکان ئەنجام دەدرێن بۆیە قوتابی پرۆپۆزەڵەی proposal لێکۆڵینەوەکەی پێشەکەش دەکات بۆ سەرۆکایەتی بەشی جوگرافیا (بەشە زانستیەکەی خۆی ) بۆ ئەوەی رێگە پێدانی بۆ دەرچێت کە لەو پیداویستیانەی خوارەوە پێکدێت:
1- داواکاری تۆمارکردنی لێکۆڵینەوە.
2-پەڕەی سەربوردەی زانستی قوتابی کە ناو وناوونیشان وبڕوانامە بە دەست هێنراوەکانی قوتابی وناوونیشانی ڵکۆڵینەوەکەی هەم بە زمانی خۆی هەم بە زمانی ئینگلیزیەوە.
3-ئیدی پەڕەکانی تایبەت بە پرۆژەی کارەکەی Proposal.
4- پێشکەش کردنی سیمینارێک بۆ لێژنەی زانستی بەشەکەی بۆ ئەوەی بڕگەکانی پرۆژەکە (پرۆپۆزەڵەکە) لەگەڵی تاوتۆی بکەن بە ئامادە بوونی سەرپەرشتیارەکەی، ئەو کارە زۆر خزمەت بە لێکۆڵینەوەکە دەکات چونکە دەبێـتە هۆی ئاشکرا کردنی هەر کەم وکوڕیەکە لە ناوونیشان ولە ئاوت لاینی پێشنیار کراودا لە بەر ئەوەی لێژنەی زانستی بەشە زانستیەکان لەو ئەندامانە پێکدێت کە پلەی زانستیان بەرزە وئەزموونی زۆریان هەیە لە رووی زانستیەوە.

داڕشتنی ناوونیشان:
-ناوونیشانەکە دەبێ ئەرکێکی (فەرمانێکی) ریکلامی هەبێـت ( واتا چۆن بڵێین وا بکات دەنگ بداتەوە وسەرنج راکێش بێـت) ولە پڕ بایەخی بابەتەکەوە هەڵبقوڵێت .
- سازش لە سەر گرفتەکە بکات.
- زۆر زیرەکانە دابڕێژرێت بۆ ئەوەی روون بێت.
- ووشە سەرەکیەکان لە سەرەتای ناوونیشانەکە بن.
- ووشەکان ورستەکانی ئاسان بن.
- بە کەمترین ووشە ودوور لە تێکدانی  واتاکەی دابڕێژرێت، پوخت بێـت ودوور و درێژ نەبێت وناروونی تێدا نەبێـت ولە سەر شێوەی پرسیار نەبێـت .
- ووشەکان ورستەکان لە ناوونیشانەکە واتایەکی ووردیان هەبێت،زیاتر لە یەک واتایان نەبێـت.
- سنووری لێکۆڵینەوە (دوورایی ورەهەندە – رووبەری وماوەییەکانی) دیار بن
- ناوونیشانەکە پەیوەندی بەو بەشانەوە هەبێـت کە لێکۆڵینەوەکەیان پێکهێناوە.
- کەم وکوڕی وگرفتی شەرعی وگرێبەستی ویاسایی تێدا نەبێت (مەبەست لادان لە بنەماکانی کۆمەڵگا ویاسا ونەریت وزانست)
- دوور کەوتنەوە لەو شتانەی کە ئازار بە رای گشتی ورووگە رامیاریەکانی کە پەویەندیان بە گیانی ئەکادیمیەوە نەبێـت، بۆ ئەوەی رووبەڕووی کێشەی یاسایی وکۆمەڵگایی نەبێتەوە، دەبێ ناوونیشانەکە سازش لە گرفتێک بکات بۆ چارە سەر کردن.
- نابێ ناوونیشانەکە وەک ناوونیشانی کتێکبێک بێت وەک (کوردستان) بۆ نموونە، دەبی هەوڵی دیاری کردنی بابەتێکی روون ودیار بدات.  چونکە کوردستان ئیدی چی؟ کوردستان لە رووی چییەوە چ گرفتێک چارەسەر دەکەیت؟
- زۆریش دوور ودرێژ نەبێـت بگاتە سێ چوار دێڕ چونکە ئەوکات کەم وکۆڕیەک لە رووی رەوان بێژیەوە لە لایەن توێژەرەوە دەردەکەوێت.
- نابێت ناوونیشانەکە دووبارە کردنەوەی ناوونیشانی بەشێک (فەێلێک) لە توێژینەوەکە بێـت. یا بە پێچەوانەوە
- لە داڕشتنی ناوونیشانەوە دەبێ ریزبەندی چەمکەکان لە گرنگترەوە بەرەو گرنگەوە بڕۆن وەک ئەوەی راستە بڵیین (شاری هەولێر لێکۆڵینەوەیەک لە جوگرافیای شار) نەوەک (لێکۆڵینەوەیەک لە بواری جوگرافیای شار لە سەر شاری هەولێر)


Proposal پرۆپۆزَەڵی لێکۆڵینەوە واتا ناوەرۆکی پرۆَژەی لێکۆڵینەوە یان ئاوتَ ڵاین یان پەیکەری لێکۆڵینەوە:
پلانێکی کاتیە بۆ پرۆژەکە دەکرێ دواتر هەموار بکرێتەوە بە خستنە سەر ولابردن وهێنانە پێش یان دواخستنی هەندێ بڕگە (جێگۆڕکێ)
ناوونیشانەکە بە کوردی وبە ئینگلیزی
1- بایەخی لیکۆڵنەوەکە
2-گرفتی لیکۆڵینەوەکە
3- گریمانەی لێکۆڵینەوەکە
4- ئامانجی لێکۆڵینەوەکە
5- پاساوەکانی ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەکە وهۆی هەڵبژاردنی
6- مەنهەج ومیتۆدی ورێبازی لێکۆڵینەوە
7- دەستنیشانکردنی سنووری لێکۆڵینەوەکە (ناوچەی لێکۆڵینەوەکە)
8- سەرچاوەی زانیاری وداتاکان
 9- کۆسپ وتەگەرەکانی بەردەم لێکۆڵینەوەکە
10-  پەیکەری لێکۆڵینەوە

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
(Proposal)ناوەرۆکێ پرۆژەی لێکۆڵینەوە:
پێشەکی
بە شێوەیەکی گشتی باسی بابەتی لێکۆڵینەوەی تێدا دەکرێت بێ تەماشا کردنی گرفتی لێکۆڵینەوەکە بەڵام دەکرێ ئاماژە بە بورای گرفتەکە بکرێت، بۆ نووسینەوەشی پێویستی ب خوێندنەوەی هەموو یان زۆربەی ئەو بابەتانە هەیە کە لە سەر بابەتی لێکۆڵینەوەکە لە پێشوودا نوسراون.
گرفتی لێکۆڵینەوە:
دەبێ هەموو لێکۆڵینەوەیەک گرفتێکی هەبێت (مەبەست گرفتێک بۆ چارەسەر کردن) ئەگینا پێویست بە نووسینی ناکات بە دوای دا بڕۆیت، ئەو پرسیارەی کە دەبێ لێکۆڵەر هەمیشە لە خۆی بکات ئەوەیە (دەمەوێ لە سەر چی بکۆڵمەوە؟) وا بە پەسەند دەزانرێت گرفتەکە لە سەر شێوەی پرسیارێک دابڕێژرێت یان لە سەر شێوەی پەیوەندی نێوان دوو لایەنەوە بێت لە بوارە جیا جیاکاندا.
مەبەست چیە لە گرفتی لێکۆڵینەوە؟
بێگومان مەبەست لێی بابەتەکان وگرفتەکانی وبوراەکان وبیرۆکەکانی لێکۆڵینەوەی زانستیە کە بەو بنەما بنەڕەتیانە دادەنرێن کە بەشداری دەکەن لە گەڵالە کردن وروون کردنەوەی سیما وروخسارە سەرەکیەکانی پلانی لێکۆڵینەوە.
مەبەست لە چەمک و واتای گرفتی لێکۆلینەوە:
چەمکی یەکەم:
(( ئەوەیە کە بابەتێکی مایەی دڵەڕاوکێ ومایەی سکاڵاَ لێ کردن ونا ئاسوودەییە، بۆیە گرفت لێکۆڵینەوە بەو واتایە ئاماژە بە رووداو ودیاردەی نا پەسەند وخراب دەکەن کە مایەی لاری لێ بوونن، وێڕای ئەوەی کە ئەو دیاردانە مایەی لاری بوون بن بەڵام گریمانەیەک هەیە لە ناخی لێکۆلەرەوە بە هۆی بوونی شارەزاییەکی وئاشناییەک لە بارەیەوە ولە بارەی هۆکاری لاری بوونی لێی بۆیە سەرەو و رووخستنی گرفتەکە بەو شێوەیە پێویست بەوە ناکات لێکۆڵینەوەیەک ئەنجامبدرێت بە مەبستی بە دوا داچوون لە پێناو گەیشتن بە زانیاری وشارەزایی نوێوە.
چەمکی دووەم:
کە لە ناوەرۆکیدا لە سەر بنچینەی نەزانین وپیویستی بوون بە زانینی بوونی گرفتە یان دۆخی نا دڵنیاییە لە بارەی دیاردەیەک یان کارێک لە کارەکان وپێویستی هەیە بە گەڕان وگەیشتن بە زانین یان دۆخێک لە دڵنیایی سبارەت بەو شتەی کێشەی پرسیاری لە بارەیەوە دەکات.
چونکە گرفتەکە پرسیارێکە یان دۆخێکە یان هەڵوێستێکە رروبەرووی کەسێک دەبێتەوە ووەڵامێک یان کاردانەوەیەکی ئامادەی نیە بۆ چارەسەرکردنی وپێویستی بە وەڵامێک یان شرۆڤەیەک یان زانیاریەوە هەیە. بۆیە گرفتەکە پێویستی بە گەڕان وبەدوا داچوون هەیە بۆ گەیشتن بە شارەزایی و وەڵامی تایبەت.
ئەوەش راستیەکی گرنگ لە بارەی ئامانج لە لێکۆڵینەوەی زانستی دەسەلمێنێت، بەوەی تەنها دووبارە کردنەوەیەکی کارێکی لە پێشوو ئەنجامدراو نیە یان کۆ کردنەوەیەک بێت بۆ لایەنە پەرش وبڵاوەکانی بابەتێک بێت لە نێو پەرتووکەکاندا بەڵکو دەبێ هەموو کۆششێک لە بواری لێکۆڵینەوەی زانستیدا ئامانجی بەدەست هێنانی شتێکی نوێ بێت بۆ زانست وزانیاری وشارەزاییەکان یان چارەسەرێ کێشەیەک بکات بەوەش ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەی زانستی کاردانەوەیان دەبێت وسوودیان گەورەیان دەبێـت بۆ پێشکەوتنی کۆمەڵگا.
سەرچاوەکاەنی دەرک کردن بە گرفتی لێکۆڵینەوە:
خەڵک بە گشتی جیاوازیان هەیە لە رووی رێژەی توانای بینین و دەرک کردنیان بە هەندێ لایەنەکانی دیاردەیەک کە شایستەی لێکۆڵینەوە و بەدوا داچوون بێت، بۆیە هەندێکیان هەن گەر دیاردەکە بە بەر چاویشیان دا بڕوات وتێپەڕێت سەرەنجیان بۆی را ناکێشرێت وبە شتێکی ئاسایی وئاشنا دێتە بەر چاویان، کەچی هەندێکی دیکەیان رادەیەکی بەرزی سووسە کردن وهەست کردنی تایبەتیان هەیە، کە بۆی هەیە پێیان ووشیار دەبنەوە ووشیاریش بەو گرفتانە دەکەنەوە وتوانایەکی رەخنەگرانەیان هەیە بەرامبەران وبەرامبەر بە دیاردەکانی دەوروبەریان وهەڵوێستەیان لە سەر دەکەن بۆ خەملاندنی رادەی پێویستیان بە لێکۆڵینەوە و بە بەدواداچوونەوە، هەر وەها لێکۆلەرانیش بە هەمان شێوە لەو رووەوە جیاوازیان هەیە، کەوایە ئەو هەستەوەریە چۆن دروست دەبێت؟.
1-    ئامادەیی کەسی (بەهرەمەندی- ووشیاری وئاگایی- دەرک کردن- هزری رەخنەگرانە):
2-    پسپۆڕێتی:
ئەو کەسانەی لە بوارێک لە بوارەکان پسپۆڕیان هەیە بە هۆیەوە زیاتر ئاگاداری لایەنەکان وبوارەکان و ووردەکاریەکانی ئەو پسپۆڕیە و بەو کێشانەی پێویستیان بە لێکۆڵینەوە یا خود دووبارە لێکۆڵینەوە هەیە یان پێویستیان لێ تێگەیشتن یان تەواو کردن یان روون کردنەوە هەیە، کورد گوتەنی (هەر کەس خۆی دەزانێ کێی دێشێ) یان وەک دەڵێن (سەریان تێدا سپی کردووە) بۆیە هەر چەند توێژەر لە بواری پسپۆڕی خوێدا بە توانا بوو وشارەزایی وئاگادری بە سەرچاوەکانی هەبوو، وخاوەن هزر وبیرێکی رۆشن وقووڵ بوو ، وپاشگرێکی گشت گیری هەبوو، ئەو کات دیارە بە توانا تر وکارامە تر دەبێت لە دەستنیشانکردنی گرفتەکان.
3-    پاشگری زانستی :
ژیانی پڕاکتیکی وکرداری هەمیشە لایەنە ئەرێنیەکان ونەرێنیەکانی مەسەلەی پڕاکتیزەکردن دەردەخەن، وتوێژەر ئاشنا دەکات بەو لایەنانەی کە بە هزری رەها دا نەدەهاتن
4-    خوێندنەوەی رەخنە گرانە :
دەبێ لێکۆلەەر بە چاوی رەخنەوە بخوێنێتەوە نەوەک تەنها بخوێنیتەوە وباوەڕی بە هەموو دەقەکان هەبێـت وەک خۆی ئەوەش بێگومان سەرچاوەیەکی دیکەیە.
5-    لێکۆڵینەوە وتوێژینەوەکانی پێشوو :
 ئەوانەش دیسان سەرچاوەی زۆر گرنگن بۆ فێر بوونی گیانی دەرک کردن بە بوونی گرفت بە تایبەتی کە زۆربەیان کۆتاییان دێت بە پێشنیارکردنی لێکۆڵینەوەی دیکە بە سەرنج راکێشانی لێکۆلەران بە هەندێ لایەن ووردەکاری گرنگ یان فەرامۆش کراو یان خودان بایەخی ئابووری یان .....هتد. بۆیە لێکۆلەر دەبێ خاوەن توانای خوێندنەوەی رەخنە گرانەی هەبێت بۆ لێکۆڵینەوە وتوێژینەوە وبە دوا داچوونەکانی پیشووی هەبێت.
ئەو  شتانەی دەبێ رەچاو بکرێن لە کاتی هەڵبژاردنی گرفتی لێکۆڵینەوە:
1-    نوێتی گرفتەکە:
رەسەنایەتی ونوێکاری وداهێنانی تێدا بێت وپێشتر لێکۆڵینەوەی لە سەر نەکرابێت، هەروەها داتاکانی نوێ بن وئەو کردار وئامرازانەی تیایدا بەکار دێن بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە نوێ بن.
2-    بایەخی گرفتەکە وبەها زانستیەکەی:
ئایا دەرەنجامەکانی ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو گرفتە شتێکی نوێ تێدایە تا بخرێتە سەر بواری شارەزایی وکولتوری زانستیەوە؟.
ئایا بە شتێکی نوێ جیا دەکرێتەوە تا کو وەک وێنە وکۆپیەکی دووبارە کراوەی لێکۆڵینەوەکانی پێشووی دەرنەچێت؟
3-     دەبێ لێکۆلەر بایەخی تایبەتی خۆی هەبێت بە گرفتەکە:
ئەو بایەخدانە دەبێ هەڵقوڵاوی ئارەزووی راستەقینەی ناو ناخی بێـت وحەزێکی گۆمان لێبڕاوی هەبێـت بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەکە، و هەبوونی باوەڕی تەواو بە پڕ بایەخی وپێویست زانینی لێکۆڵینەوەکە بۆ زاڵ بوون بە سەر هەندێ سەختی وناخۆشی بەر جەستە، نەوەک هەر تەنها ئارەزووەک بێت بۆ خۆ دەرخستن یان تەنها بۆ وەدەست هێنانی پلەیەکی زانستی بۆ لاف وگەزاف لێدان.
4-  لە توانادا بوونی ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەکە:
ئەو توانایە پێکدێت لە (ئەزموون، شارەزایی، کارامەیی، وبەدواداچوون)
5- لە بەر دەست بوون وپەیدا بوونی داتا وسەرچاوەکان:
بۆیە لێکۆلەر نابێـت گرفتێک یان ناوونیشانێک هەڵنەبژێرێت هیچ داتای لەسەر نەبێت یاخود ئەو سەرچاوانەی کە  بە هۆیانەوە چارەسەری گرفتەکەی پێدەکات یان دەستنەکەون یان ئەوەتا زۆر زۆر ئەستەمە پێیان بگات، هەروەها نابێـت بابەتێکی هەستیار بۆ لێکۆڵینەوە هەڵبژێرێت کە بە هۆی ئەو هەستیاریە رێگری بکات لە تەواو کردن وئەنجامدانی لیکۆڵینەوەکە.

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
داڕشتنی گرفتی لێکۆڵینەوە:
بێگومان وەک لە پێشوودا باسکرا هەر لێکۆڵینەوەیەکی زانستی دەبێ گرفتێک چارەسەر بکات ئەگینا پاساوێک نابێت بۆ ئەنجامدانی، وە دەبێ ئەو گرفتە وەکو ئاماژەی بۆ کرا لە ناوونیشانەکە رەنگ بداتەوە ولە ناو پرۆژەی لێکۆڵینەوە ولە ناو پێشەکی لێکۆڵینەوەکە ئاماژەی پێ بکرێت، لێرەدا رێگاکانی داڕشتنی دەستەواژەی ئاماژە کردن بە گرفتەکە روون دەکرێـتەوە کە لەچەند رێگایەک پێکهاتووە وەک لە خوارەوە ئاماژەیان بۆ دەکرێـت:
1-    گرفتی لێکۆڵینەوە بە دەستەواژەیەکی روون ویەکلاکەرەوە دادەڕێژرێت:
 بۆ نموونە گەر بمانەوێ لە پەیوەندی نێوان دوو گۆڕاو بکۆڵینەوە وەک پەیوەندی نێوان شوێنی نیشتەجێ بوون بە نەخۆشیەکانی سییەکان. کە دەبێ بەو شێوەی خوارەوە دابڕێژرێت:
-(تایبەتمەندیەکانی خانووەکان وکاریگەریان بە نەخۆشیەکانی سییەکان لە شاری کۆیە).
2- لە سەر شێوەی پرسیارێک دادەرێژرێت:
بە واتای ئەوەی وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارەی لێکۆلەر دەیکات مەبەست لە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەکە ئاشکرا دەکات، بۆ نموونە :
را وبۆچوونی ئاوارەکان لە بارەی دووبارە دروست کردنەوەی خیوەتگاکانی ئاوارەکان چییە؟
یان :
کاریگەری هەڵکشانی ناوچە شارنشینیەکان بەرەو زەویە کشتوکاڵیەکان لە پارێزگای دهۆک چییە ؟.

3-  شێوازی جێگرەوەکان (بژاردە جیاکان) (ئەلتەرناتیڤەکان) :
لەو رێگایەدا پرسیارێک دادەنرێت کە هەڵقوڵاوی راستیە کە کۆمەڵێک جێگرەوە یان بژاردەیەکی بۆ دادەنرێت کە کاندید دەکرێن بۆ هەڵبژاردنی دانەیەکیان تا ببێت بە وەڵامی پرسیارە بنەڕەتیەکە، بۆیە دەبێ ئەو بژاردانە گوزارشی یەکسانیان هەبێت، نەوەک هیچ گۆمانێک یاخود لاوازیەک لە سەر هیچ کامیان دەرکەوێت، ئەو بژاردانە هەمیشە مایەی لێکۆڵینەوە وبەراوورد وتێڕامان بن تا راستی و دروستی دانەیەکیان دەردەکەوێت ونا ڕەوایی ئەوانی دیکە دەسەلمێنرێت.
ئایا کێشەی پاشکەوتنی پیشەسازی دەگەڕێتەوە بۆ؟
 نەبوونی سەرمایە وقەیرانی ئابووری
2- نەبوونی دەستی کارە وپسپۆڕی تایبەت وکەسانی شارەزا
گەندەڵی
 دۆخی نا سەربەخۆیی ودەستەبەر نەکردنی مافی چارەی خۆ نووسین
بێ پلانی
 نەبوونی کەرەستەی خاو
بێگومان دەبێ ئەو بژاردانە هەموویان توانای پێوانیان هەبێت 

4- دانانی کۆمەڵە پرسیارێک :
لێکۆلەر لێرەدا پێویستی بەوە هەیە گرفتەکە لە رێگەی داڕشتنی چەند پرسیارێک هەیە، ئەو تەرزە لە هەموو تەرزەکانی دیکە زیاتر بەکار دەهێنرێت ولە هەموویان بڵاوترە ولە هەمووشیان ووردترە لە رووی کار لە سەر کردن وداڕشتن ودەستنیشانکردنەوە، وزۆربەی لێکەلەرەکان ئەو پرسیارەکان لە ژێر ناوونیشانی ( پرسیارەکانی لێکۆڵینەوەکە) دادەنێن.لەوانەشە ژمارەی ئەو پرسیارانە بکاتە دە پرسیار بگرە زۆرتریش.

5- ئەو دەستەواژەی کە چەند پرسیارێکی بە دوا دادێت:
بۆیە گرفتی لێکۆڵینەوە لە سەر شێوەی دەستواژەیەکی بڕیاردەرانە دابنرێـت دواتر کۆمەڵە پرسیارێکی بە دوا دابێت.

6- شێوازێکی دیکە خۆی لە دانانی پرسیارێک دەنوێنێت کە چەند پرسیارێکی روون کەروەی دیکەی بەدوا دادێت:
واتا گرفتی لێکۆڵینەوە لە سەر شێوەی پرسیارێکی گشتی دادەنرێـت بەڵام لە دوای پرسیارەکە کۆمەڵە پرسیارێکی کەم گشت گیر تر دێن کە روون کەرەوەن کە هەر لە بنە ڕەتیشدا لە ناو خودی پرسیارەکە گشتیەکە دا هەبوون واتا ئەو پرسیارانە هەر یەکیان بەشێک لە ناوەرۆکی پرسیارە گشتیەکە دەخەنە ڕوو.

(بنەماکانی جیۆمۆڕفۆلۆجیا بەشی سێیەم (وانەی سێیەم) ) ......پەیوەندی زانستی جیۆمۆڕفۆلۆجیا بە زانستەکانی دیکە:

                                                                                                           پ.ی.د: حکمت عبدالعزیز حمد حوسەینی...