قوتابخانە هزریە جوگرافیەکان:
د.حکمت عبدالعزیز حمد حوسەینی.
لە ساڵی 1859 ز هەردوو زانا ریتەر هەمبۆڵت کۆچی دواییان کرد، ئەو رووداوە بە کۆتا هاتنی قۆناغێکی نموونەیی دانرا لە قۆناغەکانی هزری جوگرافیدا، هاوکات بڵاو بوونەوەی پەرتووکی (رەچەڵەکی جۆرەکان) لە لایەن (داروین) ەوە (*5) لە هەمان ساڵدا بە سەرەتای چەرخی (ماددیەت (مەتریالیستی)) دانرا بە هۆی جەخت کردنەوەی کتێبەکە لە سەر هەردوو چەمکی (یاسای سروشتی) ( (هۆکاربەندی) *مەبەست : ئەوە بابەتێکی فەلسەفیە لە بواری فەلسەفەی زانستەکاندا بایەخدەدات بە پەیوەندی نێوان (رووداو) کە پێی دەگوترێت (هۆ یان هۆکار) لەگەڵ (رووداوێکی دیکە) کە پێی دەگوترێت (کاریگەری) بە شێوەیەک کە رووداوی دووەم دەرەنجامی رووداوی یەکەمە رووداوێکی دەبێ هۆکارێک لە دواوەی بێت وهەروەها دەبێ کاریگەری هەبێت وببێت بە هۆکار بۆ رووداوی دیکە).
سەرچاوە: علیە https://ar.wikipedia.org/wiki/
مردنی هەر یەکێ لە ریتەر وهەمبۆڵت مانای تەواو چۆڵ بوونی گۆڕەپانی زانستی جوگرافیای نەگەیاند، وێڕای بوونی هەندێ لە قوتابیانی ریتەر بەڵام کەم وکوڕی هەرە گەورە لە بواری فێرکردنی جوگرافی زانکۆیی دەرکەوت تا وای لێهات زەوی ناسان (جیۆلۆجستەکان) جێگەی جوگرافیناسەکان بگرنەوە لە ووتنەوەی زۆرێک لە بابەتە جوگرافیەکان بە تایبەتی بابەتە سروشتیەکان، وە لە پێشەنگانی ئەو ماوەیە (ئۆسکار بیشل) بوو کە بیرو راکانی پێچەوانەی بیرو راکانی ئەوانی پێش خۆی بوو( 43). بە تایبەتی ئەو خاڵە بە روونی تێبینی دەکرێت تا ئەو رۆژگاری ئەوڕمان، بەوەی هەر یەکێ لە جوگرافیناسان و زەوی ناسان (جیۆلۆجستەکان) راکانی خۆیان بە پەسەند تر لە یەکتر دەزانن تا ئەو رادەی بە رای تۆژەر دەگاتە ئاستی جۆرێک لە دەمارگیری زانستیەوە.
دەرکەوتنی تەوژمە هزریەکان وئەو بیردۆزە زانستیانەی کە لە سەرەتاکانی نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەیەم بڵاو بوونەوە وتەشەنەیان کرد و سەرەڕای دەرکەوتنی پەرتووکی راتزل (1844-1904)( *) (جوگرافیای سروشتی) لە ساڵی 1882 ز کاریگەری گەورەیان هەبوو لە سەر پێشکەوتنی رێبازی زانستی جوگرافیا ورۆڵی هەبوو لە یەکتر بەستنی نێوان سروشت ومرۆڤدا. سەرباری بایەخدانی هتنەر (* ئەلفرێد هتنر Alfred Hettner ) بە لێکۆڵینەوە هەرێمیەکانەوە بەڵام ئەو کارە رێگری لێنەکرد بۆ ئەوەی بایەخ بە جوگرافیای گشتی بدات لە میانی ئاماژەکردنی بە لە توانا نەبوونی لە یەک جیاکردنەوەیان، چونکە لە لێکۆڵینەوە هەرێمیەکاندا دەتوانرێت بە دوای جیاوازیە شوێنیەکان بگەرێیت بەڵام لە لێکۆڵینەوە گشتیەکاندا پێویستە بە دوای پەیوەندیە شوێنیەکان بگەرێیت (هەرێمیەکان)، لە گەڵ ئەوەشدا ئەو دوانەییە لە لێکۆڵینەوە جوگرافیەکاندا بەردەەوامبوون بە وەرگرتنی دوو شێوە ورواڵەتی سەربەخۆ تا رادەیەکی زۆرەوە. تا وای لێهات هەندێ کەس بانگەشەی ئەوە بکەن جوگرافیا بە یەکێ لە زانستە سروشتیەکان دابنرێت. لەو کاتەی هەندێکی دیکە بە یەکێ لە زانستە کۆمەڵایەتیەکانیان دادەنا. وە لەگەڵ ئەوەی لێکۆڵینەوە سروشتیەکان لە گەڵ گەڵاڵە بوونی چەمکی جوگرافیادا پشکی هەرە گەورەیان وەرگرت لە رووی بایەخ پێدانەوە، بەڵام لێکۆڵینەوە مرۆییەکان بوارێکی گەورەتریان لە دوتردا لە خۆ گرت( 44)، چونکە لێکۆڵینەوە مرۆییەکان لە جوگرافیادا جێگیر نین لە رووی بابەتەکانیانەوە لە بەر زۆری وجۆراوجۆری چاڵاکیەکانی مرۆڤ وهەمیشە پەرەسەندن وپێشکەوتن وگۆڕانیانەوە، لە هەمان کاتیشدا هەمیشە ئەگەری فراوان بوونیان هەیە بە هۆی پێشکەوتنی بەردەوامی بوارەکانی چاڵاکی مرۆڤ وپێویستی بوون بە لە خۆگرتنیانەوە لە لێکۆڵینەوە جوگرافیەکاندا، بەڵام بوارەکانی لێکۆڵینەوە سروشتیەکان سنووردار وجێگیرن ولقە سەرەکیەکانیان هەمیشە هەر وەکو خۆیانن وخۆیان لە جیۆمۆڕفۆلۆجیا وئاووهەوا وهایدرۆلۆجیا ودەرامەتی سروشتی وخاک دەنوێنن، وێڕای تێکهەڵکێشبوون ویەکتر بڕینەوەیان لەگەڵ هەندێ زانستی دیکە سەرەڕای رێبازی جوگرافیانەوە، بەڵکو پێشکەوتنی ئەوان بەندبوو بەو پەیوەندیەی لەگەڵ لایەنە مرۆییەکانەوە هەیان بوو، ئەو خاڵەش لەوانەیە نەرێنی بێت لە رووی پێشەکەوتنی لایەنی سروشتی لە جوگرافیادا بەوەی کە بۆی هەیە بێگۆڕێت بۆ لقێکی خودان خەسڵەتێکی خزمەتگوزاری ئەوەی بۆی هەیە رێگری لە پێشکەوتنی بکات لە لایەنەکانی بیردۆزە دانان وفەلسەفە ورێباز وپۆلێنکاری وبە دەروازەکردنەوە (التبویب).
لە روانگەی ئەو پێشخستنە دوو قوتابخانە سەریان هەڵدا لە جوگرافیادا کە رۆڵێکی گەورەیان هەبوو لە گەڵالە بووونی لێکۆڵینەوە جوگرافیە نوێکاندا، چ لە رووی رێبازەوە یان لە رووی شێوازەوە کە بریتی بوون لە:
1- قوتابخانەی ئەڵبەتی (حەتمی)
2- قوتابخانەی توانایی (ئەگەری) (ئیمکانی)
1- قوتابخانەی ئەڵبەتی (حەتمی):
باوەڕی شوێنکەوتانی ئەو قوتابخانەیە لە بیرۆکەی (سروشت باڵا دەستی یەکەمە لە سەر زەوی ) پوخت دەبێتەوە ولێکۆڵینەوەکانیان لە سەر سروشتدا چڕ کردبۆوە ومرۆڤیان بە ملکەچ وژێر دەستی ئەو دادەنا وبە گۆی رایەڵی فەرمان ومەرجەکانی سروشتیان دادەنا لە شوێن وکاتدا ( 45). ئەوەش لە بەرژەوەندی زانستی جیۆمۆڕفۆلۆجیا (زانستی شێوەکانی (دیاردەکانی ) زەوی) دا بوو، کە وای کرد لێکۆڵینەوە جوگرافیەکان لەو بوارە چڕ ببنەوە لە دوای ( ریتەر وهەمبۆڵت)ەوه، جێگەی ئاماژەیە (ئۆسکار بیشل ) یەکەم کەس بوو کە دەستی بەو کارە کرد(46).
لە راستیدا راتزل نیگاری دیارترین سیماکانی پێشکەوتنی هزری جوگرافی کێشا لە کۆتاکانی سەدەی نۆزدەیەمدا(47)، لەو کاتەی جوگرافیای مرۆیی لە بارو دۆخی کزی وسیستەیەکی بەهێزەوەی دەناڵاند وخەریک بوو خۆی وون بکات (48) بەڵام راتزڵ ( *6) (1844-1904)(هامشەکەی راتزل بگوازرێتەوە بۆ پێشتر) گیانی بە بەردا هێنایەوە وبنەماکانی بۆ دانا ولەوانەیە لە گرنگترین هۆکارەکانی کزبوونی جوگرافیای مرۆیی دابەش بوونی جوگرافیا بوو بە گشتی بۆ هەردوو بەشی جوگرافیای سروشتی وجوگرافیای نەریتی. هەروەها بۆ ئەو پێشکەوتنە گەورەی زانستی کۆمەڵناسی بەخۆیەوە بینی. هزری راتزل بە شێوەیەکی زۆر بەهێز کەوتبووە ژێر گاریگەری (بیردۆزەی سەرهەڵدان وپەرەسەندن وبەرزبوونەوە) ( the evolution theory )ی داروین کە جێبەجێکاریەکانی بە سەر هەموو کارەکانی روون دیاربوون، کاتێک مرۆڤ لای ئەو هاوشێوەی (ئاژەڵ ورووەک) بەرهەمی ژینگەیە ولە هەموو کاروبارەکانی وابەستەی ئەوە ومل کەچێتی وبەدوای ئەکەوێت ولە بەرامبەریدا دەستە وەستان وبێ توانایە، ویەکەمین پەرتووکی راتزل لە بواری جوگرافیای مرۆیی لە ژێر ناوونیشانی Anthropogeography(49) (7*) لە ساڵی (1882)دا هەر لە دوای ئەویشدا کتێبی (جوگرافیای رامیاری) بڵاوکردەوە، ودەشێت بیرو بۆچوونەکانی راتزل لە لێکۆڵینەوە جوگرافیەکان لە دوو ئاراستەدا پوختکرینەوە:
یەکەمیان: بنەمای جوگرافیای مرۆیی دانا، لە سەر بنچینەیەکی بنەمایی هەرێمی وجەختی لە سەر ئەوە دەکردەوە لایەنە مرۆییەکان دەشێن بکەونە ژێر باڵی لێکۆڵینەوەی بنەمایی رێبازی (میتۆدی) هاوشێوەی لاینە سروشتیەکانەوە. دکرێ بووترێت راتزل توانی جوگرافیای مرۆیی لە میتۆدی (هەرێمی) رزگار بکات.
دووەمیشیان: فرە ڕەوی راتزل لە مل کەچ کردنی مرۆڤ وچاڵاکیەکانی بۆ کاریگەریەکانی ژینگەی سروشتیدا، بەو چەشنەش لەو رووەوە پێشەنگی یەکەم وپێشەوایی خۆی راگەیاند لە ناو یەکێک لە قوتابخانەکانی بیرکردنەوەی جوگرافیدا، کە خۆی لە قوتابخانەی (حەتمی (ئەڵبەتی) ژینگەیی ) دەنواند.
بیرو ڕاکانی راتزل کاریگەریەکی زۆری لە سەر جوگرافیناساندا هەبوو، نەک تەنها لە ناو ئەڵمانیادا بەڵکو لە دەرەوەی ئاڵمانیاش گەیشتنە فەرەنسا ولە دواتریشدا بۆ ووڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش، لە فەڕەنسادا (دیمۆلان) بە یەکێ لە شوێنکەوتان هەژمار دەکرا وبە بەهێزترین هەڵگرەوەکانی وپەسەند کەرانی بیرو ڕاکانی بوون وبەهۆیەوە پەرتووکێکی بڵاوکردەوە لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمدا بە ناوونیشانی (تەرزی کۆمەڵایەەتی) بە روونی تیایدا (حەتمی) ئەڵبەتی بوونی خۆی راگەیاند( 50)، یەکێک لە ڕا حەتمیەکانی (ئەڵبەتیەکانی) (( رێگاکان ( کە تەنها ئەو هەرێمانە نین کە گەلە کۆچبەرەکان پیایاندا تێدەپەڕن بەڵکو ئەو شوێنانەش دەنوێنن لە دوا جار تیایاندا جێگیر دەبن) کەسایەتی گەلان وسیستەمە کۆمەڵایەتیەکانیان پێکدەهێنن))
کاتێک لە پێشەکی پەرتووکەکەی گوتی (( ئەو دانیشتوانەی لە سەر زەویدا بڵاو بوونەتەوە زۆر لەگەڵ یەکتردا جیاوازن، هۆکای ئەو جیاوازیە چییە؟ ئەو وەڵامەی هەمیشە پێشکەش دەکرێت ...رەگەزە، بەڵام رەگەر هیچ شتێک روون ناکاتەوە، چونکە دەبێ ئەوە ئاشکراکەین هۆی پەیدا بوونی رەگەز چیبووە؟ فاکتەری یەکەم ویەکلایی کەرەوە بۆ جیاوازی نێوان گەلان وجۆراو جۆری رەگەزەکان ئەو رێگایانەیە گەلان دەیانبڕن، رێگاکانن لە هەمان کاتدا رەگەز وتەرزی کۆمەلایەتی بەیەکەوە دێینە ئاراوە)، بەڵکو دیمۆلان لەوەش زیاتر پێداگری دەکات کاتێک لە بەشی دووەمی پەرتووکەکەیدا گوتی (( گەر بۆی هەبێ مێژوو خۆی دووبارە کاتەوە هیچ شتێ تیایدا ناگۆڕێ چونکە ئەوەی هەیە کاردانەوەیەکە بەرامبەر هەمان ویست وفەرمانەکانی ئەو ژینگەیە)). لەو بیرو رایانە دەردەکەوێت دیمۆلان هاوشێوەی ئەوانی پێش خۆی لە بانگەوازانی (حەتمی) هەر دوو فاکتەری بۆ ماوەیی ورێسی پشت گۆێ خست وڕا وبۆ چوونە کۆمەڵایەتیەکانی هەر وەک را وبۆچوونەکانی مامۆستاکەی (هنری دیتۆرفیلِ) تا رادەیەکی زۆر رووکاری بوون، چونکە رێچکەی بنچینەی توێژکردنی (خێزان) ی وەرگرت وبایەخی نەدا بە تۆخمە ئالۆزترەکانەوە لە سیستەمی کۆمەڵایەتیدا(51). ولەوانەشە لە دیارترین بانگەشەکەرانی قوتابخانەی (حەتمی) لە ووڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا خاتوو (سیمپڵ) بێت کە بە دڵسۆزترین قوتابیەکانی (راتزل) دادەنرێت هەروەها بە یەکێک لە کەڵە (حەتمیەکان) دادەنرێت بە تایبەت لە پەرتووکەکەی خۆیدا بەناوونیشانی (کاریگەریەکانی ژینگەی جوگرافیایی) کە مەبەستی تیایدا ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە بوو لە سەر بیرو راکانی (راتزل) ی مامۆستاکەی وپێشکەش کردنی بیرو بۆچوونەکانی لە بارەی جوگرافیای مرۆڤ بۆ خوێنەرە ئینگلیز زمانەکان. لەوانەیە ئەو دێڕانەی داهاتوو رادەی چۆش وخرۆشی دەربڕدڕاوی خاتوو (سیمپڵ) بۆ قوتابخانەی (حەتمی) نیشاندەن:
(( مرۆڤ لە بەرهەمی رووی زەویە ئەوەش مانای ئەونیە کۆڕی زەوی بێت وخاکێک بێت لە خاکەکانی بەڵکو زەوی لە هەمان کاتدا پەروەردەی کردووە وخۆراکی پێداوە وشێوەی کارەکانی بۆ دیاری کردووە وبیرۆکەکانی ئاراستەکرد ووبارودۆخە ناخۆش وسەختەکانی لە بەردەمی دانا تا جەستە وبوێری بەهێز بێت وکێشە وگرفتەکانی ئاودێری خستە بەردەمی ولە هەمان کاتدا چارەسەریەکانیشی بە بن گۆیدا چرپاند))، هەروەها بەڵکو واشی دەبینێت پێکهاتەی جەستەیی مرۆڤ وابەستەی ژینگەیە کە لەهەمان پێشەکیدا کە دەڵی (( زەوی چۆتە ناو ئێسک وگۆشت وعەقڵ وگیانی، لە ناوچە شاخاویەکاندا ماسوولکەی بە هێزی ئاسنینی بە لاقەکانی داوە تا بە بنارەکاندا دا هەڵگەرێت لەوکاتەی لە کەنار دەریاکاندا ماسوولکەکانی لاقەکانی بە لاوازی هێشتۆتەوە بەڵام لە بری ئەودا سینگێکی فراوان وبەهێزی پێ بەخشیوە وقۆڵ وبازووێکی بەهێز بۆ سەوڵ لێدان پێداوە))(52).
لەوانەشە بوار نەبێ بۆ نیشاندانی زۆرێک لە بیرو ڕاکانی خاتوو سیمپڵ (8*) ئەوانەی لە پەرتووکەکەیدا داینابوون لەو لێکۆڵینەوەیەدا، بە هۆی ئەوەی هەر یەک شێوازیان وەرگرتبوون، بەڵام ئەوەی دەشێت لە بەرژەوەندی ئەو خاتووەی دابنێین ئەوەیە کە هەندێ بابەتی ورووژاند لە پێشتردا باسیان لێوەنەکرابوون سەرەڕای بوونی هەندێ رەخنە لەسەری لە رووی نادروستی شیکاریەکانی وروونکردنەوەکانی بۆ هەندێ لە دەرەنجامەکان وراستیەکان، هەروەها بە هۆی دانانی هەندێ بیردۆزەی کە مایەی رەزامەندی نەبوون، بەڵام پەرتووکەکەی لە راستیدا بە پڕ بایەخترین پەرتووک دانرا لە بواری جوگرافیای مرۆییدا بە زمانی ئینگلیزی تا بیستەکانی سەدەی بیستەمدا.(53) هەروەها لە لایەنگرانی قوتابخانەی (حەتمی) لە ئەمریکادا پرۆفیسۆر (هاتنتنگتۆن)(Ellsworth Huntington(1876-1947)) بوو (9*) کە لەسەرەتایدا ژیانی فەرمانبەریدا بایەخ بە زانستی جیۆلۆجیادا، بەڵام لە دواتردا رێچکەی گۆڕی بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە لە سەر ئاووهەواو وکاریەگەریەکانی لە سەر مرۆڤدا. بۆیە پەرتووکە بەناوبانگەکەی (شارەستانیەت وئاووهەوا) (54) لە سەر شێوەی چەند بنەمایەک دانرا بۆ شیکردنەوەی پێشکەوتن ودواکەوتنی شارستانیەکانی کۆمەڵگا مرۆییەکاندا. هەروەها بایەخی بە کاریگەری ناوە ناوە هاتنەوەی ووشکەسالیەکاندا وەک فاکتەرێک لە فاکتەرەکانی کاریگەری یەکێک لە توخمەکانی جوگرافیا سروشتی کە ئاووهەوایە لە سەر جوگرافیای مرۆیی ومێژوویی کیشوەری ئاسیادا. لە باوەڕی ئەودا سەرکەوتنی شارستانی وپیشەسازی ئەڵمانیا دەگەرێتەوە بۆ ئاووهەوا خۆش ودڵ رفێنەکەیەوە. ئەو بیرو رایانەش مایەی گفتوگۆ ورەخنە بوون لە نێوان جوگرافیناساندا و بە ناراست دانران(ناواقیعیانە) (نا ریاڵیستی). ولە پەرتووکە تێکستیەکانی تریدا ئەوانەی بۆ خوێندن بۆ نێوەندەکانی فێرکاری داینابوون پەرتووکی (بنەماکانی جوگرافیای مرۆیی) بوو، لە راستیدا بەرهەمە زانستیەکانی زۆر بە بڕشت وفراوان ومەزن بوون وهەموویان جەختیان لە سەر کاریگەریەکانی ژینگەی سروشتی لە سەر کار وچاڵاکیەکانی مرۆڤ دەکرد (55).
هانتنگتۆن بەردەوامبوو لە سەر ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەکانی لەسەر کاریگەریە ژینگەییەکاندا تا ناوەڕاستی سەدەی بیستەمەوە لە زانکۆیی (ییڵ)دا، هنتنگتۆن زانایەکی فرە بەرهەم بوو پەرتووکەکانی خەسڵەتێکی مەرجعیان وەرگرتبوون و رووگە وپەناگەی داواکارانی زانست بوون، بە راستی خاوەن قوتابخانە بوو بەڵام نەک لە شوێنەکانی پشتیوانی کردن لە بابەتی (حەتمی) ژینگەییدا ئەوەی کەبنەمای هێڕش کردنە سەری بوو. هەر وەها لە توانادا نیە لە هەمان کاتدا نکۆڵی لە بایەخی ئاووهەوا وخاک وئاوو ودیاردەکانی رووی زەوی بکرێت لە سەر رەگەزی مرۆییدا. لەگەڵ ئەوەشدا بەستنەوەی جۆراو جۆری هەڵس وکەوتی مرۆڤ بە جیاوازی بارودرخی ژینگەی سروشتیەوە بە کارێکی فرە رۆیی دادەنرێت ومایەی بە دڵ بوون نەبوو وناشێت بێ دەنگ لە بەرامبەر بکرێت. لە بری ئەوەدا پێویستیەک هەبوو بە هۆشیاریەکی تایبەتەوە بەو فاکتەرە سروشتی وکولتوریە جۆراوجۆرانەی ولەیەک جیاوازانەی رەگەزی مرۆیی پێکدەهێنن لە سەر گۆی زەویدا. ئەو رایە لە راستیدا پەسەند کرا لە نێو نێوەندە ئەکادیمیەکاندا لە بیستەکانی سەدەی بیستەمدا، بەڵکو بوو بە رای باوی ماوەی سییەکانیشی، لە بەر ئەوەی ئەو شتە زۆر جار لە میانی پێشکەوتن وپەرەسەندنی سیستەمە زانستیەکاندا روودەدات بۆیە فێرکرنی جوگرافیایی لە قوتابخانە سەرەتایی وئامەدەییەکاندا تا ماوەیەک بەردەوامبوو لە سەر جەخت کردنەوە لە سەر ئەڵبەتی (ئەڵبەتی) ژینگەییدا لەو کاتەی لێکۆڵینەوە ئەکادیمیە زانکۆییەکان بە یەکجاری دەستیان لێی شووشت بۆوە ووازیان لێی هێنابوو.(56)