07 ديسمبر 2017

رۆڵی جیۆمۆڕفۆلۆجیا لە دامەزراندنی تونێلەکان




 :3-1-1تونێلەکان :                                                                                                                                                                                                                  
پ.ی.د: حکمت عبدالعزیز حمد حوسەینی








پێشەکی:                                                                               
مرۆڤ لە کۆنەوە شارەزایی دەربارەی دروست کردنی تونێلەکان پەیا کردیە، چونکە وەک دیارە لە کۆنەوە، لە هەزاران ساڵ بەر لە ئێستا تونێلی جیا جیا هەڵکەندراون وەک بۆ نموونە ئەو ئەو تونێلانەی لە پەرستگاکان و کۆشک و تەلاری میر و پاشاکاندا وەک ئەوەی لە شوێنەوارە مێژوویەکاندا دەردەکەون، هەروەها ئەو تونێلانەی کە لە پێشوودا بۆ مەبەستە سەربازیەکانەوە دروست کرابوون یان بۆ مەبەستی شاردنەوەی گەنجینەکان یان بە مەبەستی ئەوەی وەک رێگایەک بۆ گەیشتن بە گۆڕستانەکان بە تایبەت وەک هەندێ لە گۆڕستانە مێژوویەکانی هەندێ لە شارستانیە کۆنەکانی دەری دەخەن وەک شارستانیەتی چینی بە تایبەت گۆڕی ئمپراتۆری یەکەمی چین وەک نموونەیەک، هەروەها لە هەندێ لە شارستانیەتەکانی دیکەی وەک فرعۆنیەکان......و هیتر. هەروەها بۆ چەندین مەبەستی دیکەش لە شوێنەوارە مێژوویەکاندا نموونەی زۆر هەن.
هەر وەها کوردیش بێگومان وەک میللەتێکی خاوەن شارستانیەتی رەسەن کە لە تەواوی شارەکانی کوردستانی گەورە شوێنەوارەکانی تێدا بڵاوبۆتەوە، لە راستیدا کوردستان مۆزەخانەیەکی گەورەیە، لە بواری تونێلەکانیشەوە ئەو نموونانەی پێشوو باسکراوی تێدا دەردەکەون بەڵام نموونەی هەرە دیاری تایبەت بە تونێلەکان لە کوردستانی باشوور دیاردەی کارێزەکانە کە لە زۆر شار ودێهاتی باشووری کوردستاندا بڵاوبووینەتەوە بە تایبەت کارێزەکانی شاری هەولێر کە بە هۆیەوە لە بەستی بەستۆڕەوە ئاوی بۆ شاری هەولێر دابینکراوە بە ‌هەڵکردنی تونێلێک بۆ ئەو مەبەستە لە نزیک گوندی قەڵەموورتکێ تا ناوەڕاستی قەڵای هەولێر، هەر ئەوەش بوو وەک هۆکارێکی گرنگی خۆڕاگری ئەو شارە بوو لە بەرامبەر گەمارۆدانی سوپای هۆلاکۆ بۆ ئەو شارە.
کارێزی بەستۆڕە-هەولێر (گوندی قەرەمورتک)





 
 هەر وەها لە باکووری کوردستان شاری کاپادۆکیای ژێر رووی زەوی گەورەترین بەڵگەی دێرینی گەواهیدەری شارەزایی و توانای گەلی کوردن لەو بوارەدا هەر لە بەر ئەوەشە هەندێ لە سەر چاوە مێژوویەکان بە تایبەت سەرچاوە عەرەبیەکان کوردیان بە جۆرێک لە جنۆکە ناساندووە کە سەرپۆشیان لەسەر لادراوە، چونکە لەو شارە پێشتر بە هۆی زۆری دوژمنانیان لەو شارەی ژێر رووی زەوی دەژیان کە تەواو لە ژێر رووی زەویدایە، بۆ مەبەستە جیا جیاکان دەهاتنە دەرەوە بەڵام ئەوەی بووە هۆی ئەوەی بەو شێوەیە بناسێندرێن ئەوە بوو کە لە کاتی شەڕ وجەنگەکان دوای ئەوەی زەبریان لە دوژمنانیان دەدا کە دوایی دوژمنانیان بە دوایان دا هاتبان بۆ تۆڵە کردنەوە ئەوا نەیان دەدۆزینەوە ئەو شتەی دەبووە هۆی سەرسوڕمان و نیگەرانی زۆر لایانەوە. بڕوانە ئەو وێنەی خوارەوە.
 
ئەوڕۆش لە دوای هەزاران ساڵدا تونێلەکان دیاردەیەکی شارستانی دەنوێنن لە ژیانی مرۆڤ و شارستانی مرۆڤایەتیدا لە تەواوی وڵاتانی جیهاندا، بەڵکۆ بزافی بیناسازی لە ژێر زەوی بوو بە شتێکی گرنگ و باو و بڵاو و هەمیشە لە تەشەنەکردنی بەردەوام دایە بۆ مەبەستە خزمەت گوزاری و ئابووری و سەربازی ورامیاریەکانەوە ...... هتد. ئێستا دەبینین کە حەشارگەکان و کۆگاکانی ژێر زەوی و وێستگەکانی درست کردنی کارەبا (ئیلیکتریک) و وێستگە ئەتۆمیەکان و کارگە خاوەن بایەخ و گرنگیە تایبەتەکان هەر وەها هێڵەکانی گواستنەوی گازی شل بۆ ماڵان و تۆڕی تونێلەکانی میتڕۆ بە مەبەستی چارە سەرکردنی کێشەکانی هاتو چۆ لە شارەکان وبۆ دابین کردنی خزمەتگوزاریەکی خێرا لەو بوارەدا هەر وەها بە مەبەستی ئاسان تیپەڕین بە ناوچە شاخاویە سەختەکندا بە بڕینی ناوقەدی ئەو شاخانە و لە بری بڕینی چەندەها پێچی زۆرەوە لە هەردوو دیوی شاخەکاندا یان خولانەوە بە دەوران دەوریانەوە، کە مەوداو ماوە و تێچوونی وکۆششی زۆریان پێویستبوو، هەر وەها بەر بەستەکان پێویستیان بە دروست کردنی تونێلی تایبەت هەیە چ بۆ دانانی وێستگەکانی کارەبا یان بۆ گواستنەوەی ڕێڕەوی ئاوی رووبارەکان بە شێوەیەکی کاتی بۆ رێڕەوێکی دیکە تا کاتی تەواو بوونی دروست کردنی بەنداوەکان. هەر وەها زێرابەکان دیسان پرۆژەی دیکەن کە خزمەتکاریە گرنگەکانی نشینگەکانی مرۆیین لە شارو دێهاتەکاندا و دەیان پرۆژە و دامەزراوەی دیکە کە لە ژێر زەوی دروست دەکرێن بە مەبەستی چارەسەر کردنی کێشەکانی پلان دانان و خزمەت گەیاندن بە خەڵک لە سەرانسەری جیهاندا.

بەدواداچوونە جێۆلۆجیەکان بۆ دەستنیشانکردنی شوێنگەی گونجاوی بەنداوەکان:
بە دوادا چوونە جیۆلۆجیاکان رۆڵی بنەڕەت دەگێڕن لە دیاریکردنی باشترین شوێنگەی گونجاوی دروست کردنی تونێلەکان و ئەو رێگا گشتیانەی کە وەری دەگرن و دیری کردنی باشترین شێواز بۆ دروست کردنیان. ئەو کارە کاریگەریەکی زۆری هەیە بۆ کەم کردنەوەی تێچووی گشتی دامەزرانیان و هەروەها فرە کردنی رادەی سەلامەتی تونێلەکان.
مەبەست لە بە دوا داچوونە جیۆلۆجیەکان تەنها رووپێوی جیۆلۆجی پێکهاتەی بەردەکانی سەر رووی زەوی و کاریان لە سەر ئاشکراکردنی پێکهاتەکانی ژێر رووی زەوی نیە بە تەنها بەڵکو روووپێوی فیزیاییش دەگرێتەوە بە بەکارهێنانی یەکێک لە رێگا جیۆفیزیاییە شیاوەکانەوە وێڕای هەڵکەندنی بیری تاقیگەیی و هەندێ جاریش پێویستی هەیە بە لادانی بەشێک لە پؤشاکی خاک بە مەبەستی دەرخستنی سروشتی ئەو کەرەستە وبەردانەی لە بنەوەی ئەو پۆشاکەن (لە ژێرەوەن).
هەموو ئەو کارانە لە پێناو دروستکردنی وێنەیەکی ووردو تێر و تەسەلن دەربارەی بارودۆخی جیۆلۆجی ژیر زەوی ناوچەی هەڵکەندنی تونەلەکان و دەورۆبەریانەوە ئەنجامدەدرێن. بەڵام وێڕای ئەو بەدوا داچوونە و لێکۆڵینەوە زۆر و چڕانەوە زۆە جار پێشهاتی جیۆلۆجی جۆر بە جۆر لە کاتی هەڵکەندنی تونێلەکان دێنە پێش کە دەبنە هۆی دەرخستن و ئاشکراکردنی هەندێ بارودۆخی جیۆلۆجی دیارینەکراو لە پێشوودا کە دیسان دەبێ سوود لەوانەش وەرگیرێت لە پێناو چاککردنی وێنەی جیۆلۆجی ناوچەکە.
لە بە دواداچوونە جیۆلۆجیەکاندا ئەو مەبەست و ئامانجانەی خوارەوە وەدەست دەهێندرێن:

1-                توێژینەوەیەکی تێر و تەسەل دەربرەی پێکهاتە و دامەزراوە  جیۆلۆجیەکان لە گەڵ روون کردنەوەیەکی ووردی تایبەتمەندیە سروشتی و میکانیکیەکانی بەردەکان و ئەو کەرەستانەی کە لێیانەوە پێکهاتوون بە شێوەیەک بتواندرێ پشتی پێ ببەسترێ لە دیری کردنی ئەو رێگایەی کە تونێلەکە دەیگرێتە بەر لە ژێر رووی زەویدا.
2-               توێژینەوەیەکی تێر وتەسەل دەربارەی بارودۆخی هایدرۆلۆجی ناوچەی رێڕەوی تونێلەکە و ناوچەی دەوربەری، کە تیایدا بڕی ئەو ئاوەی پێشبینی دەکرێ داچۆڕێتەوە ناو تونێلەکە لە دوای دروستکردنیدا، هەروەها دیاریدردنی ئەو بەردانەی کە رێگە دەدەن بە تێپەڕبوونی ئاو بەناویاندا و دیاری کردنی رادەی سوێری ئاوەکە، هەروەها دەستنیشان کردنی جۆری ئایۆناتی ناو ئاودا (چونکە ئەو ئایۆناتە لەوانەیە کارلێکی کیمیایی زیان بەخشیان هەبی بۆ ناوپۆشی کۆنکریتی تونێلەکە) سەرباری توێژ کردنی کاریگەری دروست کردنی تونێلەکە لەسەر بار و دۆخی هایدرۆلۆجی ناوچەکانی دەوروبەری تونێلەکە وەک کاری گەری لە سەر ئاستی ئاوی ژێر زەوی.
3-               دوای ئەوەی کە شوێنگەی تونێلەکە دیاری دەکرێ لە بە دواداچوون و رووپێوە جیۆلۆجیە سەرەتاییەکاندا دەبێ پسپۆڕانی جیۆمۆڕفۆلۆجی و جیۆلۆجی بە شێوەیەکی وورد ئەو دیاردە جیۆلۆجیانە  دیاری بکەن کە کاریگەری زۆریان هەیە لە سەر دیاری کردنی کە تونێلەکە لە ژێر زەویدا دەیگرێتە بەر بۆ نموونە. دەبێ شوێنگەی بەردە داماڵراوەکان و شوێنگەی شکان و لێکترازانەکان و ئەو بەردانەی جومگە و ناوبڕو شکانیان تێدا زۆرە  بۆ ئەوەی تا بکرێ خۆیان لێ بە دوور بگیرێت. و ئەگەر هاتوو هیچ رێگای دیکە نەبوو تەنها بە ناو ئەو جۆرە بەردانەوە نەبێ، ئەو کاتە وا باشە رێڕەوەکە بە شێوەیەکی ستوونی بە ناو ئەو بەردانە تێپەڕیت، یان پێشنیاری چارەسەریان بۆ بکرێت دوای دیاری کردنی شوێنگەی ئەو دیاردانە بە شێوەیەکی وورد و ئەنجامدانی هەڵسەنگاندنێکی وورد و گونجاو بۆیانەوە.

4- لە دیاریکردنی رێرەوى تونێلەکەدا دەبێ رەچاوى شوێنگەى دەروازەى تونێلەکە بکرێ کە دەبێ دووربێت لە بنارە ناجێگیرەکاندا یان لەو بنارانەى کە لەوانەیە جێگیرى خۆیان لەدەست بدەن لەکاتى هەڵکەندنى تونێلەکەدا.

5- ئەستوورى ناوپۆشى تونێلەکە و شێوازى دروستکردنی وجۆرى ئەو کەرەستانەى کە بەکار دەهێندرێن لە دروستکردنی وئەو ئاسن وشیشانەو وئەو پاڵەپەستۆیەی کە دەکەوێتە سەرى، بڕو سروشتى ئەو پاڵەپەستۆیە دەگەڕێتەوە بۆ جۆرى ئەو بەردانەی کە تونێلەکە دەیانبرێت وهەروەها بۆ قووڵایى تونێلەکە لە ژێر رووى زەویدا . بۆیە دەبێ توێژى دابەشبوونى ئەو پاڵەپەستۆیە بکرێت لە شوێنگە جۆراو جۆرەکانى تونێلەکە، ومەزەندەی جۆرى ئەو هێزانە و ئەو پاڵەپەستۆیانە بکرێت لە قووڵاییە جیاوازەکاندا ودیاریکردنی خەسڵەتە میکانیکى و وکیمیاییەکانى بەردەکان بکرێت.
وێنەیەکی روونکردنەوە بۆ ناوپۆشی تونێل
 
6- ئامادەبوونى پسپۆرانی جیۆمۆڕفۆڵۆجی وجیۆڵوجی لە شوێنگەى کارکردندا ولە کاتی هەڵکەندن و دروستکردنی تونێلەکە بایەخی زۆرى هەیە بۆ بەردەوامبوونى کارکردن بە شێوەیەکى وورد وخێرا سەربارى کەمکردنەوەى ئەگەرەکانى روودانى رووداوەکان و رووبەرووبوونەوەى مەترسیەکان، چونکە ئەو پسپۆڕانە وێنەیەکى پێشوەخت دادەنێن دەربارەى بارودۆخی جیۆڵۆجی و تایبەتمەندیە میکانیکیەکان و سروشتیەکانى بەردەکان لەپێش هەڵکەندن و ولەکاتیدا ئەو کات ئەندازیار دەتوانێ ئامادەکاریەکانى خۆى ئەنجامبدات بۆ هەڵکەندن .
7- لە سوودەکانى دیکەى بەدواداچوونە جیۆمۆڕفۆلۆجی وجیۆڵۆجیەکان مەزەندەکردنى بڕى کەرەستە بیناسازیەکانە کە ئەندازیار پێویستى پێ هەیە لە دامەزراندن و ناوپۆشکردنى تونیلەکە. هەر وەها دابینکردنی کەرەستە بیناسازیەکان لە شوێنى کارکردندا بە پێویست دادەنرێت لە پێناو بەردەوامبوون و بە ئاسان کارکردندا بە تایبەت ئەگەر هاتوو شوێنگەى تونێلەکە دوور بوو لە سەرچاوەى ئەو کەرەستە بیناسازیانە.
8- هەروەها لە بە دواداچوونە جیۆمۆڕفۆڵۆجیەکان وجیۆڵۆجیەکانی دیکەدا توێژکردنی تێرو تەەسەلە دەربارەى ئەو زەرەرو زیانانەى کە لە وانەیە بوونى تونێلەکە بیگەیەنێتە ناوچە نزیکەکانى نیشتەجێبوونى دانیشتوان، هەر لە گۆڕینى ئاستى ئاوى ژێر زەوى ووشک کردنی کانیاوەکان کە بێگومان بەکارهێنان و سوودی زۆریان هەیە. یان ئەو هەژین ولەرزین و لەقین و ئەو رووچوون و تەپینەى کە خانوو و دامەزراوەکان تووشى دەبن لە کاتی هەڵکەندن و بڕینى تونیلەکە.

          لەو قسانەى پێشوودا دەردەکەوێت کە یەکەم هەنگاو کە ئەنجام بدرێت لە هەر پرۆژەیەکی راکێشانی تونێلێک لە ئەنجامدانی بەدواداچوونە جیۆڵۆجیە پێویستەکانەوە دێت بۆ تاقیکردنەوەى شوێنگەکە لە پێناو ئامادەکردنی راپۆرتێکی پشت ئەستوورکراو بەنەخشەى جیۆلۆجی لە گەڵ دروستکردنی هەندێ کەرتی جیۆلۆجی Geologic cross sections ( درێژە بڕگە وپانە بٍڕگە) کە پەیوەندیان بە رێگای پێشنیار کراوى تونێلەکە هەیە. کە لەرێگەى ئەوانەوە باشترین شوێنگە وهەروەها رێرەوەکانی تونێلەکە دیاریدەکرێت. هەر لەسەر نەخشە باشترین وشیاوترینى شوێنگەکان دیاریدەکرێت.
رێگاکانی هەڵکەندنی تونێلەکان:
          یەک لە ئامانجەکانی توێژینەوە جیۆڵۆجیەکان وجیۆمۆڕفۆلۆجیەکان هاوکارى کردنە لەگەڵ  ئەندازیارى پسپۆڕ بۆ تاقیکردن وهەڵبژاردنی باشترین رێگا بۆ هەڵکەندنی تونێل چونکە خێرایی وسەرکەوتنى ئیشکردن بە شێوەیەکى راستەوخۆ پشت دەبەستێت بەو لێکۆلینەوە تیروتەسەلانەى کەباشترین رێگا دیاریدەکەن بۆهەڵکەندنی تونێل و سروشتى دینگەکان وجۆرى ناوپۆشکردن.
رێگا گشتیە سەرەکیەکانی هەڵکەندنی تونێلەکان:                   
          باشترین شێواز و رێگا بۆ هەڵکەندنی تونێلەکان پشت بەسروشتى بەردەکان دەبەستێ وبەو شێوەى خوارەوە:
1-      هەڵکەندنی تونێل لەناو بەردە بەهێزەکاندا:
لەو  جۆرە بەردانە پێویست ناکات بە دروستکردنی دینگە وکۆڵەگەى کاتى بەتایبەتی ئەگەر هاتوو ئەشکەوتەکە بەرتەسکبوو. یان لەوانەیە بەڕادەیەکى کەم بەکاربێن هەر بۆ راگرتنى کەوتنە خوارەوەى بەردەکانى بنمێچی (سەقفى) تونێلەکە.

2-      هەڵکەندى تونێل لە ناو ئەو بەردانەى خاوەن هێزو بەرگریەکى مامناوەندین:
لەو حاڵەتە کۆڵەگە ودینگە بەکاردێن بۆ رێگە گرتن لەکەوتنە خوارەوەى بەردەکانى بنمێچ (سەقف) ودیوارەکانى تونێلەکە، پرۆسەى دانانی ئەو ناوپۆشکردنە کاتیە کەمێک ماوەى دەوێت بەڵام بە رادەیەکى زۆر زۆر پێویستە هەر بۆ پاراستنى تونێلەکە و ئەو کەسانەى لە ناویدا ئیشدەکەن.

3-      هەڵکەندن لە ناو بەردە فشەڵ وبێهێزەکاندا:
لە ناو ئەو جۆرە بەردانەدا واپێویستدەکات دینگەو کۆڵەگەى کاتی بەکار بهێندرێن لەگەڵ ناوپۆشکردنی جێبەجێی (راستە وخۆی) تونێلەکان بە کۆنکریت بۆ ئەو بەشانەى کە تەواوبوونە لە تونێلەکە پێش ئەوەى دەست بکرێت بەهەڵکەندنی بەشێکى دیکە.
 
          سروشتى بەردەکان رۆڵیان هەیە لەدیاریکردنی شێوەو رێگاى هەڵکەندن ولادانی بەردەکانی تونێلەکە، چونکە لەوانەیە هەڵکەندنەکە لە رێگەى لادانى رووکارى(واجهە) تەواوى بەردەکانى تونێلەکەبێت وهەنگاو بەهەنگاو .یان بەلادانى بەردەکانى نیو روو لە بەرەى دەرەوەى تونێلەکە(نیو واجیهە) وکۆڵەگەو دینگە دادەنرێن، لەدواییدا دەستدەکرێت بەلادانی نیوەکەى دیک، یان دەکرێ بەشى سەرەوەى هەڵکەندرێ لەگەڵ وەرگرتنى رێگاچارەى خۆپارێزی پێویست ، لەدواییدا دەست دەکرێ بە هەڵکەندنی نیوەکەى دیکە(نیوەى خوارێ).
بەڵام لەحاڵەتى مامەڵەکردن لەگەڵ بەردو کەرەستە فشەڵەکان ،ئەوکات دەروازەى بچووک هەڵدەکەندرێن کەسنوورو دیوارەکانى رۆخ و تەنیشتەکانى تونێلەکە دەنوێنن ولەدواییدا بەشێوەیەکی هەمیشەیی ناوپۆشدەکرێن، ئەوجار دەستدەکرێ بەلادانی ئەو بەشەى کە دەکەوێتە ناوەڕاستەوە ، یان چەند کونێک لێَدەدرێن بە تێرەى بچووکەوە ،ئەو بەشانەى کە تیایاندا دیوارەکانى تونێلەکە دەنوێنن ناوپۆشدەکرێن بەڵام بەشەکانی دیکە هەموو لادەدرێن.
          بەڵام شێوەى کارکردن وخودی پرۆسەى هەڵکەندنەکە یان ئەوەتە بەرێگەى بەکار هێنانى تەقەمەنى دەبێت یان بەهۆى ئامێرەکانى هەڵکەندنەوە دەبێت(کرێنە هایدرۆلیکیەکان کە تەکنەڵۆژیایەکى پێشکەوتوویان هەیە) یان بەرێگەى هەردووکیان. بڕى ئەو تەقەمەنیانەى کەبەکار دەهێندرێن لەلایەن شارەزایانەوە مەزەندە دەکرێت کە ئەوانیش لە رێگەى رەچاوکردنى سروشتى بەردەکان و شێوازى کارى هەڵبژێردراوەوە دەبێت لە هەڵکەندندا.
          بۆ نموونە لەهەڵکەندنى تونێل بەشێوازى هەڵکەندنى رووگەیی (واجیهەى تەواو) تەواو، لەسەرەتادا چاڵى لوولەکى درێژ لێدەدرێن لە واجیهەى تونێلەکەدا وتەقەمەنى دەکرێتە ناویان ودەتەقێندرێنەوە. لە حاڵى حازردا شارەزایی ولێزانینێکى زۆر گەورە دەستەبەرکراوە لە رووى چونیەتى دابەشکردنى چاڵە لوولەکیەکاندا و رادەى قووڵاییان و ئەو دووریەى کە دەکەوێتە نێوانیان وبڕى ئەو تەقەمەنیانەى کەبەکار دەهێندرێن بەشێوەیەک کەشارەزایان دەتوانن بەردەکان لادەن وچاڵەک لە ناویان دروست بکەن کە ئەو چاڵە هیچ شێوانێکى تێدا نەبێت کە ببێتە هۆى دروستکردنى گرفت لەکاتى کارى ناوپۆشکردندا.
نەخشەی پرۆژەی جۆت سایدی حاجی ئۆمەران
تونێلی سۆرک

تونێلی پیرمەم



https://scontent.febl1-1.fna.fbcdn.net/v/t1.0-9/18814273_636270126580755_3903329742739310428_n.jpg?oh=4487882e93e36b16b8b8c9c7faf665a3&oe=5AC49E5E




تونێلی گەلی زاخۆ




تونێلی بیخمە



تونێلی پێشڕەو


ليست هناك تعليقات:

(بنەماکانی جیۆمۆڕفۆلۆجیا بەشی سێیەم (وانەی سێیەم) ) ......پەیوەندی زانستی جیۆمۆڕفۆلۆجیا بە زانستەکانی دیکە:

                                                                                                           پ.ی.د: حکمت عبدالعزیز حمد حوسەینی...